Ömer Tuğrul Çam
23 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 23 شوبات 2022
برۆکسل-AA
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یەنس ستۆڵتنبێرگ ئاشکرای کرد، رووسیا لە نێو ئۆکراینا و دەورووبەری کەلوپەل و سەربازی زۆری کۆکردووەتەوە و سەربازەکان لە چاوەڕوانیدان و ئامادەن بۆ پێکدادان، دوێنێ شەویش سەربازانی سوپای رووسیا چوونەتە نێو دۆنێتسک و لوھانسکەوە.
یەنس ستۆڵتنبێرگ دوای کۆتاییھاتنی کۆبوونەوەی نائاسایی کۆمیسیۆنی ناتۆ-ئۆکراینا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
ستۆڵتنبێرگ سەرکۆنەی ناسینی بەناو کۆماری گەلی دۆنێتسک و بەناو کۆماری گەلی لوھانسک، و بڕیاری ناردنی سەرباز بۆ ناوچەکەی لەلایەن رووسیاوە کرد و بانگەوازی لە مۆسکۆ کرد پاشگەزببێتەوە و رێگەی دیپلۆماتی بگرێتە بەر.
سکرتێری گشتیی ناتۆ گوتی: "لە مەترسیدارترین چرکەساتداین کە نەوەیەک بیبینێت سەبارەت بە ئاسایشی ئەورووپا"، جەختی لەوەش کردەوە پشتیوانیی ناتۆ بۆ ئۆکراینا درێژەی دەبێت و ئاشکرای کرد، رووسیا لە نێو سنوورەکانی ئۆکراینا، کە دەکاتە کرێمیا و ناوچەی دۆنباس، ھاوکات لەسەر سنوور، ١٥٠ ھەزار سەرباز، فڕۆکەی جەنگیی و ھێلیکۆپتەری ھەیە.
یەنس ستۆڵتنبێرگ راشیگەیاند: "ژمارەیەکی زۆر یەکەی سەربازیی رووسیا لە ئێستادا ئامادەن بۆ شەڕ و پێکدادان و لە چاوەڕوانیدان. یەکەکان لە کەمپەکانیاندا ھاتوونەتە دەرەوە، لە گۆڕەپانەکەدان و ئامادەن بۆ ھێرشکردن".
تیشکی خستەسەر ئەوەش ناتۆ لە ماوەی چەند ھەفتەی رابردوودا بەمەبەستی پاراستنی ھاوپەیمانەکانی ھەزاران سەربازی زیادەی رەوانەی ئەورووپای خۆرھەڵات کردووە و زیاتریش لەوە ئامادەن بۆ ناردنیان.
ستۆڵتنبێرگ راشیگەیاند: "زیاتر لە ١٠٠ فڕۆکەی جەنگییمان، لە دەریای باکوورەوە تا دەریای ناوەڕاست لە دەریاکاندا زیاتر لە ١٢٠ کەشتییمان لە حاڵەتی ئامادەباشی پلەباڵادان. بەردەوام دەبین لەوەی دژی دوژمنکاریی ھەرچی پێویست بێت بۆ پاراستنی ھاوپەیمانییەکە بیکەین".
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئاستی ئامادەیی ھێزی وەڵامدانەوەی ناتۆ بەرزکراوەتەوە بەڵام رەوانەی ناوچەکە نەکراون.
سکرتێری گشتیی ناتۆ باسی لەوە کرد پێشوازیی لە بڕیاری ئەڵمانیا بۆ راگرتنی پەسەندکردنی پێواژووی تەوژمی باکوور-٢، و سزایانە دەکەن کە ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندامی ھاوپەیمانییەکە رایانگەیاندووە.
- رووسیا لە ٢٠١٤ەوە لە دۆنباسە
یەنس ستۆڵتنبێرگ سەبارەت بە پلانی رووسیا لە ئۆکراینا لە قۆناغی داھاتوودا، رایگەیاند: "ھەموو ئاماژەکان ئەوە نیشاندەدەن رووسیا درێژە بە پلانی بۆ ھێرشێکی گشتگیری تەواوەتی بۆسەر ئۆکراینا دەدات. ئەوە دەبینین کە کۆکردنەوەی سەربازیی بەردەوامە. بەڵێنی کشانەوەیان دا بەڵام زیادی دەکەن. بەردەوام ئەوە دەبینین کە یەکەی زیاتری سەربازیی لە کەمپەکاندا دێنە دەرەوە و دەچنە حاڵەتی ئامادەیی بۆ پێکدادان و پەلاماردان".
ستۆڵتنبێرگ باسی لەوە کرد لەپێناو ئەوەی وەک بیانوویەک بۆ پەلاماردان بەکاربھێنرێت، رووداوی ساختە درووست دەکەن و رایگەیاند: "دوێنێ شەو ئەوەمان بینی کە سەربازی زیاتری رووسی چوونەتە نێو دۆنباس، دۆنێتسک و چەند شوێنێکی لوھانسک".
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەش کە ئایا سەربازانی سوپای رووسیا لە دۆنباس ھەبوون یان نا، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند: "رووسیا لە ٢٠١٤ەوە لە دۆنباسە. ئەمە پێشتر ئۆپەراسیۆنێکی نھێنی بوو. رووسیا نکوڵی لێدەکرد. بەناو جووداییخوازەکان، چەندین ساڵە لەلایەن سەربازانی رووسیا و ھێزە تایبەتەکانییەوە کۆنترۆڵ و پشتیوانیی دەکرێن. ئێستا ئەوەمان دی. ھێزی زیاتری رووسیا چوونە نێو دۆنباس. ئەمەش دۆخەکە جددیتر دەکات".
- "ئۆکراینا داگیرکرابوو"
ھەروەھا لە وەڵامی پرسیاری "ئایا دوایین ھەڵمەتی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بە داگیرکاریی دەزانن؟" ستۆڵتنبێرگ رایگەیاند: "رووسیا پێشتر ئۆکراینای داگیرکردبوو. رووسەکان لەساڵی ٢٠١٤دا ئۆکراینایان داگیرکرد. کرێمیا کە بەشێکە لە ئۆکراینا خستیانە سەر وڵاتەکەیان. لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە دۆنێتسک و لوھانسکن، واتە یەکەی سەربازیی رووسیا لە دۆنباسن. ئەوەی کە ئێستا دەیبینین ئەوەیە وڵاتێکی داگیرکراو، بە بوونی سەربازی زیاتری رووسی زۆرتر داگیر دەکرێت".
- زیاتر لە ١٥٠ ھەزار سەربازی رووسی
یەنس ستۆڵتنبێرگ وردەکاریی دەربارەی یەکە سەربازییەکانی رووسیا لە نێو ئۆکراینا و دەرووبەری دا و ئاماژەی بەوە کرد زیاتر لە ١٥٠ ھەزار سەربازی رووسی لە ناوچەکەن.
جەختی لەوەش کردەوە کە جگە لەوە، لەناو خاکی ئۆکراینا و لە نزیکی، ھێزی ئاسمانیی و دەریایی جێگیرکراون و لە بێلاڕووسیش ھێزە رووسییەکان لە نزیک سنووری ئۆکراینا دان.
ستۆڵتنبێرگ رایگەیاند: "ئەم یەکانە ئامادەن بۆ شەڕ و پێکدادان. دەیان ھەزار سەربازی شەڕکەری لێیە. جگە لەوە، مووشەک، ئۆتۆمبیلی زرێپۆش، تانک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، سیستمی ئەلیکترۆنیی جەنگ، مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی و توانای سەربازیی زۆر زیاتری لێیە".