Zana Natık Kerem
23 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 24 مای,س 2017
قودس ــ AA
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە شاری بەیت لەحەم كە لەوێ چاوی بە سەرۆكی دەسەڵاتدارێتی فەڵەستین، مەحمود عەباس دەكەوێت.
لە دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی ئەمریكا لە ٢٠ی مانگی كانوونی دووەمی رابردوو، ئەمە یەكەمجارە، دۆناڵد ترەمپ سەردانی بەیت لەحەم بكات.
رێوڕەسمی پێشوازیكردنێكی فەرمی لە كۆشكی سەرۆكایەتی دەسەڵاتدارێتی فەڵەستین لە شاری بەیت لەحەم بە ئامادەبوونی سەرۆكی دەسەڵاتدارێتی فەڵەستین، مەحمود عەباس و سەرۆكوەزیرانی فەڵەستین، رامی حەمەدەڵڵا لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی فەڵەستین و وەزیران و زانایان و پیاوانی ئایینی بۆ دۆناڵد ترەمپ سازكرا.
هاوكات كۆبوونەوەیەكی داخراو لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و مەحمود عەباس دەستی پێكرد كە دواتر بەیاننامەیەكی هاوبەش لەسەر ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بڵاو دەكەنەوە.
دوێنێ دووشەممە سەرۆكی دەسەڵاتدارێتی فەڵەستین، مەحمود عەباس لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی فەرمی فەڵەستین دووپاتی كردووە كە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ سەركەوتوو دەبێت و ئەنجامی باشی لێدەكەوێتەوە.
مەحمود عەباس گوتیشی: " ئەركی خۆمانە بەدواداچوون بۆ پرسەكەمان بكەین و كاریش بۆ چارەسەركردنی بكەین".
دوێنێ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو كە لە شاری قودس ساز كرا، دۆناڵد ترەمپ گوتی: "ئەمریكا ئامادەیە كار لەگەڵ ئیسرائیلدا بكات و هەوڵی نوێ بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل بخاتەگەڕ تا سەقامیگری و ئاشتی لە ناوچەكە بەرقەرار بێت".
دوێنێ دووشەممە لە دووەم وێستگەی گەشتەكەی بۆ دەرەوە سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ لە سعوودیەوە بە سەردانێكی دوو رۆژە گەیشتە ئیسرائیل.