Mustafa Deveci
15 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2021
قودس - AA
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، نافتالی بينێت ئاشكرای كرد، لە دژی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستینە و لەگەڵ سەرۆکی فەڵەستین، مەحمود عەباس کۆنابێتەوە.
نافتالی بێنێت لە میانی ريپۆرتاژێکیدا لەگەڵ دامەزراوەی میدیایی گشتیی ئیسرائیل (KAN)، ھەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشھاتەکانی رۆژەڤ کرد.
بێنێت دروست کردنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستینی بە "ھەڵەیەکی زۆر خراپ" ناو برد و گوتی: "لە دژی دەوڵەتی فەڵەستینم. ئەمە ناکەم".
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەوەشی خستەڕوو کە بە ھۆی بانگەشەکانی ئیدارەی فەڵەستین لەبارەی ئەوەی ئیسرائیل تاوانی جەنگی ئەنجامداوە و ئیدارەکە سکاڵای یاسایی لە دژی ئیسرائیل لە دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان تۆمارکردووە و ھەروەھا بەھۆی قەرەبووکردنەوەی بەندکراوە فەڵەستینییەکان و کەسوکاری شەھیدە فەڵەستینییەکان، لەگەڵ سەرۆکی فەڵەستین، مەحمود عەباس کۆنابێتەوە.
نافتالی بێنێت لە ريپۆرتاژێکی دیکەیدا لەگەڵ رۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنۆت، ئەوەی راگەیاند کە تەواوی قودس "پایتەختی ئیسرائیل"ـە و جەختی لەوە کردەوە کە سەرلەنوێ لە دژی پلانی کردنەوەی ئەو کۆنسوڵخانەیەی ئەمریکایە کە لە قودس خزمەت پێشکەشی بە فەڵەستینییەکان دەکات.
فەڵەستینییەکان دەیانەوێت دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین لە سنوورەکانی ساڵی ١٩٦٧ کە پایتەختەکەی رۆژھەڵاتی قودسە دروستبکەن. ئیدارەی تەل ئەبیبیش بە بیانووی ئەوەی "قودس بە تەواوەتی پایتەختی ئیسرائیلە"، لە دژی ئەو داواکارییە دەوەستێتەوە.