Azad Mohammed Abdullah
24 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 26 ئادار 2019
دھۆک - AA
چەکدارەکانی داعش بە هۆی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە سنوورییەکان پەڕیونەتەوە سنوورەکە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی قەزای شنگال، وەیس نەواف لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو هەواڵی خۆ تەقاندنەوەی سێ چەکداری داعشی لە شنگال پشتڕاستکردەوە و گوتی: "نیوەڕۆی ئەمڕ دوای هەڵاتنیان لە باغۆز و پەڕینەوەیان لە سنووری سووریا بۆ نێو خاکی عێراق سێ چەکداری داعش لە گوندی سیبا عەماشی سنووری ناحیەی قەیرەوان سەربە قەزای شنگال لە لایەن سوپای عێراقەوە گەمارۆدران، دوای یەک کاتژمێر چەکدارەکان لەبری خۆڕادەستکردن خۆیان تەقاندەوە".
ئەو گوتیشی: "جگە لە کوژرانی چەکدارەکانی داعش، هیچ زیانێکی دیکەی گیانی و ماددی بەر سوپای عێراق نەکەوت".
سەرۆکی ئەنجوومەنی قەزای شنگال، وەیس نەواف ئاشکرای دەکات کە داعشەکان لە سنووری ئوم زیبان هاتوونەتە نێو خاکی شنگال و پەڕینەوەشیان بە هۆی بۆشایی ئەمنی بووە".
دەشڵێت "دیار نییە ئاخۆ هیچ چەکدارێکی دیکەی داعش ماون لە سنوورەکە یان نا".
وەیس نەواف دەرچوونی پەکەکە و گەڕانەوەی پێشمەرگە بە چارەسەری نەهێشتنی بۆشاییە ئەمنییەکان دەزانێت و دەڵێت "پەکەکە و حەشدی شەعبی بۆشایی ئەمنییان دروستکردووە و داعش بەئاسانی هاتوچۆ دەکات لە سنوورەکە".