14 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2020
پاریس - AA
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوئێل ماکرۆن لە کۆشکی ئەلیزێ-وە لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) وتاری دا و سوپاسی کارمەندانی تەندروستیی و هەموو ئەو کەسانەی کرد کە لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا هاوکاربوون.
ئیمانوێل ماکرۆن ئاماژەی بەوەدا کە کەمبوونەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی لە بەشی چاودێری چڕدان بابەتێکی ئومێدبەخشە.
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوئێل ماکرۆن دانی بەوەشدا نا کە وەک پێویست خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە ئامادەنەکردووە، هەربۆیە فەڕەنساش هاوشێوەی وڵاتانی دیکە نەیتوانیوە وەک پێویست دەمامک، دەستکێش، جێڵی پاککردنەوە و جلوبەرگی خۆپارێزی بۆ کارمەندەکانی تەندروستیی دابین بکات، تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە وانە لەم دۆخە وەردەگرن.
سەرکۆماری فەڕەنسا ئەوەشی ئاشکرا کرد کە کارگەکانی وڵاتەکەی لە سێ هەفتەی داهاتوودا، بەرهەمهێنانی ئەم پێداویستییە پزیشکییانە پێنج هێندە زیاددەکەن.
ئیمانوئێل ماکرۆن زیادکردنی یەکەکانی چاودێری چڕی بۆ دوو هێندە بە سەرکەوتنێکی گەورە وەسفکرد، ئەوەشی نەشاردەوە کە تا ئێستا نەیانتوانیوە بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) سەرکەون هەربۆیە سنووردارکردنی هاتوچۆ تا ١١ی ئایار درێژکراوەتەوە.
سەرکۆماری فەڕەنسا داوای لە هاووڵاتییان کرد، لەپێناو پاراستنی تەندروستییاندا پابەندی رێنماییەکان بن.