Abdullah Shukur
07 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 08 نیسان 2017
ستۆکھۆڵم - AA
لە ستۆکھۆڵمی پایتەختی سوید لە ئەنجامی چوونە ناوەوەی بارھەڵگرێک بۆ نێو سوپەر مارکێتێکی گەورە، سێ کەس گیانیان لەدەستدا.
سەرۆکوەزیرانی سوید ستێفان لۆفڤەن رایگەیاند کە ھەموو شتەکان لە رووداوەکەی ستۆکھۆڵم نیشاندەری ئەوەیە کە رووداوەکە ھێرشێکی تیرۆریستییە.
بەپێی راگەیاندنەکانی پۆلیسی سوید، لەئەنجامی چوونە ناوەوەی بارھەڵگرێک بۆ نێو سوپەر مارکێتێکی گەورە، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.
سەرۆکوەزیرانی سوید ستێفان لوفڤەن لەمبارەیەوە گوتی: "ھەموو شتێک لەبارەی چوونە ناوەوەی بارھەڵگرێک بۆ نێو ئەو سوپەر مارکێتە، نیشاندەری ھێرشێکی تیرۆریستییە".
لوفڤەن راشیگەیاند لەبارەی رووداوەکە کەسێک دەستگیر کراوە.
بەھۆی ئەو رووداوەوە گەشتەکانی مێترۆی شاری ستۆکھۆڵم راگیرا و داوا لە خەڵک کرا کە لە ناوەندی شاری دووربکەونەوە.
کاتژمێری ٣ی پاش نیوەڕۆ بە کاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە، لە شەقامی درۆتینگاتانی شاری ستۆکھۆڵم، بارھەڵگرێک چووەتە ناو سوپەر مارکێتێکەوە و بەم ھۆیەوەش سێ کەس گیانیان لەدەستدا.
راشگەیەنرا کە بارھەڵگرەکە سەر بە کۆمپانیایەکی خواردنەوەی بیرە بووە و ئەمڕۆش لە کاتی رادەستکردنی کەلوپەل دزراوە.