دیمەشق
ئەنجومەنی شۆڕشی سوریا ئاشكرایكرد ژمارەی ئهو كهسانهی له ئاكامی ھێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای سوریا بۆ سەر ناوچەی دۆما كە لە ژێر كۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنە و دەكەوێتە رۆژھەڵاتی دیمەشقی پایتەختی سوریا، گەیشتە 50 كەس كە لەنێویاندا ئافرەت و منداڵیش ھەن و ههروهها نزیكەی 200 كەسی دیكه برینداربوون كە بەشێكی زۆریان برینەكەیان سەختە و رەوانەی نەخۆشخانەی سەحرا كراون.
یەكێك لە چالاكوان و شایەتحاڵهكانی ئەو ھێرشە بهناوی یوسف بۆستانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ئاكامی ھێرشە ئاسمانییەكەدا، تەلارێك روخا و ژمارەیەك تەلاری دیكەش گڕیان گرت. خەڵكی نزیك شوێنەكە لە ناو بریندار و كوژراواندا نەیاندهزانی چی بكەن. خەڵك بە ھەوڵی خۆیان بریندار و كوژرەوانییان لە ژێر باڵهخانه رووخاوەكان دەردەخست."
بۆستانی ههروهها گوتی: "50 كەس كوژراون و زیاتر لە 200 كەس بریندارن، ھۆی زۆربوونی ژمارەی كوژراوەكان ئەوەیە كە ھێزەكانی رژێم ھەمان ناوچەیان چوار جار بە دوای یەكدا بۆردومانكرد. فرۆكە جەنگییەكانیان بە درێژایی رۆژ دۆما و جۆبهریام بۆردومان دەكرد."
پێشتر رایگەیاندرابوو كە لەو بۆردومانهدا 20 كەس كوژراون و 170 كەسی دیكەش بریندار بوونه.