Şerife Çetin,Ramal Abdullah Mahmood
30 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2017
بڕۆکسل – AA
لێدوانی وەزیری کۆچ و پەنابەرانی بەلجیکا، تیۆ فرانکەن لەبارەی ئەگەری پێدانی مافی پەنابەری بە سەرۆکی ئیدارەی خۆڕێبەری کەتەلۆنیا، کارلێس پیگدێمۆنت کاردانەوەی سیاسەتمەدارانی بەلجیکای لێکەوتەوە.
سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا، چارڵس میشێل بە ئاژانسی هەواڵی Belga راگەیاند کە پێدانی مافی پەنابەری بە کارلێس پیگدێمۆنت لە بەرنامەیاندا نییە و گوتی: "تکا لە فرانکەن دەکەم نەبێتە هۆی تەشەنەسەندنی ئەو ئاگرە".
جێگری سەرۆکوەزیران، ئەلێکساندەر دێ کروو کە ئەندامی پارتی فلامان لیبڕاڵ دیموکراتە، گوتی: "لێدوانەکەی فرانکەن هەڵوێستی حکوومەت نییە. پێموانییە ئەو جۆرە لێدوانانە لە بەرژەوەندی حکوومەتدا بن".
وەزیری ئابووریش، کریس پەتەرس کە ئەندامی پارتی کریستیان دیموکراتەکانە، گوتی: "لەم قۆناغەدا لێدوانی لەو جۆرە ژیرانە نییە".