هەولێر - AA هێمن حوسێن
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی خاوەن پێداویستی تایبەت و لەسەر ئاستی جیھان زیاتر لە یەک ملیار خاوەن پێداویستی تایبەتن، بەم پێیەش لە سەدا ١٥ی دانیشتووانی جیھان لەم توێژدەدان و، هەرێمی کوردستانیش بەدەرنيیە لەو ئامارە و، بەپێی ئاماری ساڵی رابردووی بەڕێوەبەرایەتی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ھەرێمی کوردستان، ٣١ ھەزار و ٧٥٨ کەس وەکو خاوەن پێداویستی تایبەت لە سنووری پارێزگای ھەولێر تۆمار کراون، لەو ژمارەیەش ٢٧ ھەزار و ٩٤٧ کەسیان بە بڕی ١٥٠ ھەزار دینار وەک مووچە و سێ ھەزار و ٨١١ کەسیش مووچەی ١٠٠ ھەزار دیناری مانگانە لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە وەردەگرن.
لە هەرێمی کوردستان وێرای بوونی یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت کە لە ساڵی ٢٠١١ لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە و خۆی لە ٢١ ماددەدا دەبینێتەوە کە دابەشبووە بەسەر پێنج بەش و تەواوی مافەکانی ئەم توێژە لە خۆ دەگرێت، هاوکات چەند کۆمەڵەیەکی تایبەت بە خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە و ئەو کۆمەڵانە کار و بەدواداچوون دەکەن بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی کەمئەندامان، بەڵام بە گشتی گلەییان لە جێبەجێنەکردنی یاساکە هەیە.
کۆمەڵەی ژینی کوردستان کە تایبەتە بە کەمئەندامانی دەست و پێ، فراوانترین کۆمەڵەیە لە رووی ژمارەی ئەندامییەوە و نزیکەی ١٩ هەزار کەس وەکو کەمئەندام لەو کۆمەڵەیەدا تۆمار کراوە و، سەرۆکی کۆمەڵەکەش تیشک دەخاتە سەر بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و داوا دەکات کە خۆشگوزەرانیی کەمئەندامان بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.
سەرۆکی کۆمەڵەی ژینی کوردستان، مەسعود ئەنوەر وێرای پیرۆزباییکردن لە کەمئەندامان لەم بۆنەیەدا، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هیوادارام ئەمساڵ ببێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی هەمان گلەیی و داواکاری و کێشە و گرفتەکانی ساڵانی رابردوو دووبارە نەبێتەوە، کۆمەڵەکەمان کە تایبەتە بە کەمئەندامانی دەست و پێ ئەوانەی پێیان دەگوترێت فیزیکی، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ١ بۆ ١٩ هەزار کەس لەخۆ دەگرێت کە بەراپۆڕتی پزیشکی بە کەمئەندام هەژمارکراون، بێگومان دوای ڤایرۆسی کۆرۆنا، کەمئەندامان گرفت و کێشەکانییان قوڵتربووە و پێویستە حکوومەت هەر بەڵێن نەدات و بکەوێتە قۆناغی کردارەوە، ئەوەی لەم بۆنەیەدا دەمەوێت بەبیر وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بهێنمەوە ئەوەیە کە لە ساڵی ٢٠١٣ بەدواوە خەڵکێکی زۆر لە چاوەڕوانیی گەڕانەوەی هاوکارییەکانییانن و هەموو مامەڵەیەکیان تەواوکردووە".
مەسعود ئەنوەر بۆچوونی خۆی لەسەر یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت دەربڕی و گوتی: "ئەگەر حکوومەتی هەرێم پابەند بێت بە یاساکە، ئەوا گلەیی و گرفتەکان نامینێت، بۆ دامەزراندنی کەمئەندامانیش لە کەرتی تایبەت، بەداخەوە هەندێک مەرجیان داناوە کە زۆر قوڕسن، بۆ نموونە بەشێکی زۆر لە کەمئەندامان هەر زمانی دایک دەزانن بەڵام لە کۆمپانیاکان مەرجە زمانی دیکە بزانیت بۆ ئەوەی دابمەزرێیت، ئەمەش بووەتە گرفتێک لەبەردەم کارکردنی کەمئەندامان".
سەرۆکی کۆمەڵەی ژینی کوردستان ئاماژەی بە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و داوایشی کرد کە بەرنامەکە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە و گوتی: "کاتی خۆی لەکاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سوێندخواردنی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە خاڵەکان ئەوە بوو کە ئەولەویەتی کارەکانی حکوومەت بریتییە لە دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ کەسانی کەمئەندام، بەڵام خەریکە تەمەنی کابینەکە بەرەو کۆتایی دەڕوات و تا ئێستا موژدەکە بۆ ئێمە نەهاتووەتە دی، بۆیە پرسیاری ئێمە ئەوەیە کە هۆکارچییە تا ئێستا بەڵێنەکە نەبووەتە کردار".
مەسعود ئەنوەر داوای پێدانی پشکی کەمئەندامانی کرد لە دروستکردنی شوقەکانی کرێچییان کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکە دەست بە دروستکردنی بکرێت و گوتی: "پێویستە پشکی کەمئەندامان لە سوودمەندبوونی شوقەی کرێچییاندا هەبێت، چونکە خەڵکی زۆر هەیە کەمئەندامە و خاوەن خێزانە، لە هەمانکاتیشدا کرێچییە و، دۆخی ژیانی بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی شیرازەی خێزانی تێکبچێت و هەڵبوەشێتەوە چونکە توانای پێدانی کرێی خانووی نیە".
هاوکات سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی کورتەباڵایانی کوردستان وێرای پیرۆزباییکردن لە کەمئەندامان، ئاماژە بەوەیش دەکات کە ئەوان وەکو کۆمەڵە بوونەتە پردێک لەنێوان توێژی کورتەباڵایان و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە توانیوویانە زەوی و مووچە بۆ کورتەباڵایان دابین بکەن و لە پڕۆسەی هاوسەرگیریشدا هاوکارییان بکەن.
سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی کورتەباڵایانی کوردستان، دلشاد قادر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە دامەزراندنی کۆمەڵەکەمانەوە، توانیوومانە رۆڵمان هەبێت لە بەشداریپێکردنیی کورتەباڵایان لە بۆنە و ئاهەنگەکان و بووینەتە پردێک لەنێوان کورتەباڵاکان و حکوومەت، خۆشبەختانە تا رادەیەک توانیوومانە ئەو پردەبین وەکو دابینکردنی زەوی، هاوکاریکردن لە پڕۆسەی هاوسەرگیریی و، دابینکردنی مووچە بۆ کورتەباڵایان لە رێگای ئەنجوومەنی وەزیرانەوە".
دلشاد قادر گوتیشی: "لەگەڵ ئەوەشدا شانبەشانی کەمئەندامان توانیوومانە یاسایەک بەرجەستە بکەین کە لە پەرلەمانی کوردستان پەسەندکرا، ئەو یاسایە دەستکەوتێکی گەورەیە، هەرچەندە هەندێک تێبینمان هەبوو بەڵام بەشێکی هەموارکرایەوە و، ئێستاش چەند تێبینییەکی کەممان هەیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە یاساکە جێبەجێ بکرێت، چونکە یاساکە چەند بڕگەیەکی بەسوودی تیادایە کە لە رووی تەندروستیی، کۆمەڵایەتیی و داراییەوە مافی کەمئەندام دەستەبەر دەکات، بۆ نموونە رێژەیەک دەستنیشانکراوە کە لە کەرتی گشتی لە سەدا پێنج و لە کەرتی تایبەت لە سەدا سێیە بۆ بەشداریپێکردنی کەمئەندامان، ئەوەی تایبەتە بە کەرتی گشتی، ئێمە داواکارین لە حکوومەت کە رێژەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە کەرتی تایبەتیش هەوڵمانداوە چەند کەسێک دابمەزرێنین".
لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی وەک کورتەباڵا لە کۆمەڵەکەیان تۆمارکراوە، دلشاد قادر گوتی: "وەکو دەستەی باڵا، لە شاری هەولێر نزیکەی ٤٣٠ ئەنداممان هەیە، لە دهۆک ٢١٠ ئەندام و لە زاخۆ ٦٠ ئەنداممان هەیە، هەموو ئەوانەش لە رێگای لیژنەی تایبەتی پزیشکییەوە وەک کورتەباڵا دەستنیشانکراون".
سەبارەت بە شێوازی ژیانکردن و تێکەڵاوییان لەگەڵ کۆمەڵگا، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی کورتەباڵایانی کوردستان دلشاد قادر گوتی: " تێکەڵابوون لەگەڵ کۆمەڵگا دەگەڕێتەوە سەر ئیرادەی مرۆڤەکان، ئەرکی ئێمەیە کە ئاستی زانستی و رۆشنبیریان بەرزبکەینەوە و هانیان بدەین کە تێکەڵاوی کۆمەڵگابن".
هاوکات سەرۆکی یەکێتیی نابینایان و کەم بینایانی کوردستان لەم بۆنەیەدا پیرۆزبایی لە کەمئەندامان دەکات و، داوایش لە پەرلەمانی کوردستان دەکات کە یاساکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
سەرۆکی یەکێتیی نابینایان و کەم بینایانی کوردستان، یادگار کەریم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "جگە لە هەولێر دوو لقی دیکەمان هەیە ئەوانیش لقی دهۆک و لقی سۆرانن، بە گشتی نزیکەی چوار هەزار ئەندامی نابینا و کەم بینا تۆمارکراون، ئەوانەی تۆمارن لە تەمەنی شەش ساڵییەوە تا تەمەنی ٦٠ ساڵی تیادایە و ئەوانەش بەپێی راپۆڕتی پزیشکی دەستنیشان کراون".
یادگار کەریم ئاشکرای کرد کە ئەوان توانیوویانە هەلی کار بۆ ژمارەیەک کەم بینا بڕەخسێنن و ئەوەش دەخاتەڕوو کە بەشیک لە نابیناکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دامەزراون و لەمبارەیەوە گوتی: "کەم بیناکان تا رادەیەک دەتوانن کار بکەن و هەلی کارمان بۆ هەندێکیان رەخساندووە، ئەویش لە رێگای کۆمپانیاکان، هەروەها زۆربەی ئەوانەیشی نابینای سەد لە سەدن، ئەوانە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی فەرمانبەرن و هەندێکیان لە پەیمانگای نابینایان سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وەک مامۆستان دامەزراون".
سەرۆکی یەکێتیی نابینایان و کەم بینایانی کوردستان ئاماژەش بەوە دەکات کە گرنگترین شت بۆ نابیناکان بریتییە لە پاڵپشتی خێزانەکانییان و دواتر هۆشیاری کۆمەڵگا و گوتی: "بێگومان زۆرکەسمان هەیە سەرەڕای نەبوونی بیناییان، بەڵام خوێندنیان تەواوکردووە و بڕوانامەی بەرزیان بەدەستهێناوە، گرنگترین شت بۆ نابینایان پاڵپشتی خێزانەکانییانە و دواتر هۆشیاری کۆمەڵگا، ئێمە بە بەردەوام ساڵانە خەڵک دەنێرینە کۆلیژەکان، ئەوانەی قوتابین کتێبەکانییان بە دەنگ بۆ تۆمار دەکەین و بەردەوام بەدوای چارەسەری کێشە و گرفتەکانیانەوەین، هەروەها لە کۆلیژەکان دەرماڵەی هاتوچۆمان بۆ دابینکردوون و هەوڵمانداوە کە لە خوێندن دانەبڕێن".
یادگار کەریم داوایشی ئەوەیە کە یاسای تایبەت بە کەمئەندامان بەتەواوی جێبەجێ بکرێت و گوتیشی: "داواکاریمان ئەوەیە کە یاسای کەمئەندامان کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، تێبینمان لەسەر بابەتی مووچە هەیە کە وەک پێویست نییە و دەبێت بە شێوەیەکی باشتر بۆیان دابین بکرێت، ئەوەی ئێستا هەیە بڕی ١٥٠ هەزار دینار بۆ ئەوانەی هیچ مووچەیەکیان نیە و بڕی ١٠٠ هەزار دیناریش بۆ ئەوانەیە کە فەرمانبەرن".
خاوەن پێداویستی تایبەت کەسانێکن کە بەراورد بە کەسانی ئاسایی ناتوانن ئیشوکارەکانی رۆژانەیان ئەنجام بدەن بەھۆی لەدەستدانی ئەندامێکی جەستەیان.
رۆژی جیھانی خاوەن کەمئەندامان، بۆنەیەکی جیهانییە و نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی سێی کانوونی دووەمی بۆ دیارییکردووە و، ئامانج لە دیارییکردنی ئەو بۆنەیە کۆکردنەوەی پشتیوانییە بۆ ماف و خۆشگوزەرانی کەمئەندامان، ھاوکات ھەوڵدانە بۆ تێکەڵاوبوونیان بە کۆمەڵگا و ھاندانییان بۆ بەشدارییکردن لە پرسە سیاسیی، ئابووری، کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکاندا، ساڵانە لە ژێر دروشمی جیا جیا ئەم بۆنەیە لە سەرانسەری جیھان یاد دەکرێتەوە.
news_share_descriptionsubscription_contact

