ئەنقەرە
گواستنەوەی نەوتی هەرێم بە رێگای بۆری نەوتی بۆ بەندەری جەیهان و گواستنەوی ئەو نەوتە كە رێژەكەی یەك ملیۆن بەرمیلە لە مانگی حوزەیران بۆ كەنارەكانی ئەمریكا، بووە باسی میدیاكان بەوەی كە ئەمریكا رەزامەندی پیشان نادات بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە بێ رەزامەندی حكومەتی ناوەندی عێراق. بەڵام لە لایەكی دیكە باسی ئەوە دەكرێت لەوانەیە بیروڕای ئەمریكا لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم گۆرانكاری بەسەردا بێت.
پێشكەشكردنی سكاڵایەك لە حكومەتی بەغداوە بۆ دادگایەكی تێكساس لە بارەی كەشتییە بارهەڵگرەكە بە بڕیاڕی دەستبەسەرداگرتنی كەشتییە نەوتهەڵگرەكە كۆتایی هات لە ئەگەری گەیشتنی كەشتیيەكە بۆ سنووری ئاوەكانی ئەمریكا. مەرینا ئۆتاوەی كەپسپۆرێكی بواری عێراقە لە سەنتەری ویڵسۆن لە واشنتۆن رایگەیاند: "بە بڕیاری دادگا لەوانەیە دەستبەسەر كەشتییە نەوتەكەی هەرێم دا بگیرێت لە سنووری ئاوەكانی ئەمریكا بەڵام دەستبەسەرداگرتنی ئەم كەشتییە لە دەرەوەی ئەو سنورە بە پێچەوانەوە نایاسایە."
ئۆتاوەی ئەوەشی روون كردەوە كە لەوانەیە هەڵبژاردنی مالیكی بۆ جاری سێیەم ببێتە رێگە خۆشكەر بۆ گۆرانی بیروڕای ئەمریكا لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم. ئەوەشی راگەیاند كە لە كۆنگرێس دەنگ بەرزبۆتەوە لەسەر گۆرینی رای ئەمریكا لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم.
ریچارد ستۆڵ، پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی رایس لە تێكساس رایگەیاند: "بڕیاری دادگا لەوانەیە لە داهاتوودا ببێتە بەربەستێك لە سەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم بۆ ئەمریكا."
ستۆڵ گوتی: "كوردەكان نەوت بە وڵاتانی دیكە دەفرۆشن و بڕیاڕی دادگای تێكساس رێگر نابێت لەسەر ئەوە. لە جیاتی ئەوان بم داوایەك پێشكەشی دادگایەكی تەمیز لە ئەمریكا دەكەم بۆ گۆرینی بڕیارەكە و لەم ماوەیەش بەردەوام بن لەسەر فرۆشتنی نەوت بە وڵاتانی دیكە. ئەو بڕیارەی دادگاش رەنگدانەوەی سیاسەتی ئەمریكا نییە لەسەر نەوتی هەرێم".
كەشتیيە نەوتییەكە بە ناوی یونایتت كالاڤرتڤا لە دووری 100 كیلۆمەتر لە بەندەری گاڵڤستۆن لە ویلایەتی تێكساس راوەستاوە كە 100 ملیۆن دۆلار نرخێتی. دەنگۆیە نەوتەكە لە لایەن كۆمپانیای (تاڵمای ترەیدنیگ)ەوە كڕایە.