Hemn Baban
25 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2019
ههولێر - AA
ئەمەریکا ئامادەیە هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات بە تایبەتی لە سیستەمی بانکیدا.
ئهمڕۆ چوارشهممه سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، مهسرور بارزانی پێشوازی له یاریدەدەرى وەزیرى گەنجینەى ئەمریكا تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی پارەدارکردنی تیرۆر مارشال بیلینگسلى کرد.

بەپێی ھەوالێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران لە دیدارێکدا کە ستیڤن ڤەیگن کۆنسولی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەی بوو. یاریدەردەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکرد کە هەرێمی کوردستان لە گەشەکردنێکی بەردەوامدایە و ویلایهتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش ئامادەیە پشتگیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات بەتایبەتیش لە بواری رێکخستنەوە و پەرەپێدانی سیستەمی بانکی، هەروەها جەختیشی لە گرنگی بەردەوامبوونی هاوکاریکردن و چاکسازیکردن لە هێزەکانی پێشمەرگەدا کرد.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بواری ئابووری کە ئامانجی ئەوەیە ئابووری هەرێمی کوردستان هەمەچەشن بکرێت و تەنها پشت بە یەک سەرچاوەی داهات نەبەسترێت.
لە بارەی پرۆسەی گفتوگۆكردن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیش، روونیکردەوە کە گفتوکۆکان لەسەر چەند ئاستێک بەردەوامن و بە باشی بەڕێوەدەچن، بەو ئومێدەی بگەن بە رێککەوتنێک کە مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان پارێزراوبن. دووپاتیشی کردەوە کە دەبێت وەک هەرێمێکی فیدراڵی دانپێدانراو لە دەستوور مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت.