Zana Natık Kerem
27 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2016
نەینەوا ــ AA
ئەفسەر لە ئاژانسی زانیارییەكانی نیشتمانی (هەواڵگری ناوخۆ)ی عێراق، نەقیب فەهەد لەیسی رایگەیاند كە لە ئاكامی بۆردومانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، 13 تیرۆریستی داعش لە باشووری مووسڵ، كوژران.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو فەهەد لەیسی گوتی: "دوو بارەگای گردبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە گوندی سڵاحییە سەربە ناحیەی حەمام عەلیل باشووری مووسڵ بەچڕی لەلایەن فڕۆكەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، بۆردومانكران".
لەیسی ئاماژەی بەوەیش كرد كە لە ئاكامی بۆردومانەكەدا، 13 تیرۆریستی داعش كوژران و دوو شوێنەكەیش وێران کران.
هەروەها ئەفسەرەكە باسی لەوەیش كرد كە لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ، گوندی وادی قەسەب سەربە ناحیەی شۆرە و گوندی حەمزە سەربە ناحیەی حەمام عەلیل باشووری مووسڵ لەلایەن فیرقەی 15ی سوپا و پۆلیسی فیدراڵ، لە ژێر دەستی داعش دەرهێنران و بەتەواوەتی كۆنترۆڵكرانەوە.