مەدرید
رۆژنامەی ئەلموندۆ دیپۆرتیڤۆی وەرزشی لە ئیسپانیا بڵاویکردەوە یانەی بەرشەلۆنە موچەی مێسیی زیاد دەکات، بەوەش یاریزانە ئەرجەنتینییەکە دەبێتە خاوەن زۆرترین موچە لە جیھانی تۆپی پێ و رۆناڵدۆی پرتوگالی لەدوای خۆی جێدەھێڵێ.
ساڵانێکە کێبڕکێی لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ بووەتە جێی مشتومڕ لە جیھانی وەرزش و زۆربەی مانشێتەکانی داگیرکردووە. ئەو کێبڕکێیە دەرەوەی یاریگایشی گرتووەتەوەو میدیا وەرزشییەکان بەدوای بچووکترین جیاوازیی نێوان ئەو دوو یاریزانەدا دەگەڕێن.
مانگی رابردوو کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە موچەی ١٨ ملیۆن یۆرۆ بۆندی لەگەڵ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی تا ساڵی ٢٠١٨ نوێکردەوەو بووە یەکەم یاریزان لە بەرزیی موچەدا. بەڵام دوای ئەوەی رۆژنامەی ئەلموندۆ دیپۆرتیڤۆ ھەواڵێکی لەبارەی زیادکرانی موچەکەی مێسی بڵاوکردەوە، شوێنەکەی رۆناڵدۆ لە پلەی یەکەمی موچەی یاریزاناندا کەوتووەتە لەرزە.
بەپێی ھەواڵێکی رۆژنامە ئیسپانییەکە لە ٣١ی کانوونی یەکەم موچەی مێسی لە ١٢.٥ ملیۆن یۆرۆوە زیاددەکرێ بۆ ٢٠ ملیۆن یۆرۆ. بەوشێوەیە مێسی دەبێتە پلەی یەکەمی یاریزانانی جیھان لە زۆریی موچە.
رۆژنامەکە سەرباری ھەواڵەکە بەمجۆرە بەرگریی لە یاریزان مێسی دەکات " مێسیی تەمەن ٢٦ ساڵ خاوەن چوار خەڵاتی تۆپی ئاڵتوونییەو باشترین یاریزانی جیھانە. کەواتە مافی خۆیەتی باشترین موچە وەربگرێ. دڵسۆزیی یاریزانە ئەرجەنتینییەکە روون و ئاشکرایە. ئەوەتا سێ بۆندی یانەکانی رەتکردووەتەوەو خێزانەکەیشی بەھەمووجۆرێ پاڵپشتن بۆ مانەوەی لە یانە کەتەلۆنییەکە".