Sinan Doğan
10 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2021
بۆگۆتا - AA
رێکخراوەکانی تاوانکاریی لە مەکسیک، ٦٦ کەسایەتی سیاسیی ئەو وڵاتەیان لە میانی شەش مانگی رابردوودا کوشتووە.
بەپێی میدیاکانی مەکسیک، راپۆرتێک کە لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە پێش هەڵبژاردنەکانی فیدراڵیی کە بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا بەڕێوەبچێت بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لە میانی شەش مانگی رابردوودا، ٦٦ سیاسەتمەدار لەلایەن رێکخراوەکانی تاوانکارییەوە کوژراون.
لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە هەڕەشە و ناوزڕاندنی سەرۆک شارەوانییەکان، پەرلەمانتاران و کاندیدانی ئەو هەڵبژاردنە فیدراڵییانەی بڕیارە دوای سێ مانگ ئەنجامبدرێت رووی لە هەڵکشان کردووە، لەبەرئەوە مەترسی سەر گیانی سیاسەتمەداران زۆرە.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە شارەکانی شیواوا، فیراکروز و کانکون مەترسیدارترین شارن بۆ سیاسەتمەداران.
دوایین جاریش لە ٢٤ی شوباتدا بوو کە کاندیدی پۆستی سەرۆکی شارەوانی قەزای پویترۆ مۆریلۆس لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە تیرۆرکرا.
بەپێی راگەیەنراوێکی دەستەی ئیدارە خۆجێییەکانی مەکسیک، لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠٢٠دا، ١٩٢ سەرۆک شارەوانی لەلایەن رێکخراوەکانی تاوانکارییەوە کوژراون.