Adam Abu-bashal
04 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 04 تشرینی دووەم 2020
ئەبوجا - AA
لە ئۆپەراسیۆنێکدا بۆسەر رێكخراوی تیرۆریستیی بۆكۆ حهرام لە باکووری خۆرهەڵاتی نێجیریا، ٧٥ ئەندامی رێکخراوەکە کوژران.
جێگری گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی بەرگریی نێجیریا، بێنارد ئۆنیوکۆ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە کرد کە سوپا لە ٢٨ی ئەیلول-٣١ی تشرینی یەکەمدا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی و وشکانیی کردووەتە سەر رێكخراوی تیرۆریستیی بۆكۆ حهرام لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی ویلایەتی بۆرنۆ.
بێنارد ئۆنیوکۆ باسی لەوە کرد کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، ٧٥ ئەندامی رێکخراوەکە کوژراون و ژمارەیەکی زۆریشیان برینداربوون و هەڵاتوون.
جێگری گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی بەرگریی نێجیریا هەروەها باسی لەوە کرد کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، حەشارگەکانی رێکخراوەکە خاپوورکراون و دەستبەسەر چوار زرێپۆش، ژمارەیەکی زۆر چەک و تەقەمەنی رێکخراوەکەدا گیراوە.
رێکخراوی تیرۆریستیی بۆکۆ حەرام لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ەوە لە نێجیریا دەرکەوتووە و بەهۆی ئەو پەلامار و توندوتیژییانەی کە لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە تا ئێستا ئەنجامیداون زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس کوژراون.
لە ساڵی ٢٠١٥ەوە چالاکییەکانی رێکخراوەکە بۆ وڵاتانی دراوسێی نێجیریا تەشەنەیان کردووە و دیاترینیشیان ئەو زنجیرە پەلامارانە بوون کە کرانە سەر دەورووبەری دەریاچەی چاد کە زیاتر لە دوو هەزار کەس تیایدا کوژران.