Zana Natık Kerem
25 حوزەیران 2025•نوێکردنەوە: 26 حوزەیران 2025
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان-عێراق، نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، عیرفان سدیق دوایین پێشھاتەکانی دۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێ کرد.
سەرۆکایەتی ھەرێم لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی کردووە لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، عیرفان سدیق.
ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەیەکدا، پەیوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و ھەرێم، گفتوگۆی ھەولێر ـ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، دۆخی ناوخۆی و ھەوڵەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تاوتوێ کراون، ھەروەھا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشھاتەکانی دۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئاڵوگۆڕکراوە.
باسی لەوەش کردووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا جەختیان کردووەتەوە لە برەودان بە پەیوەندییەکان و فراوانکردنی ھاریکاریی ھاوبەشی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و ھەرێم لە بوارە جیاجیاکاندا، ھەروەھا لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر ـ بەغدا بە گفتوگۆ و لێکگەیشتن و پەلەکردن لە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھاوڕا بوون.
ئەوەشی خستووەتەڕووە کە ھەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، باس لە پێشھاتەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کراوە و لەوبارەیەوە ھەردوولا دووپاتیان کردووەتەوە کە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان، گرتنەبەری گفتوگۆ و ڕێگە دیپلۆماسییەکان لە بەرژەوەندیی ھەموو لایەنەکان و تەواوی ناوچەکەدایە و ئارامی و سەقامگیری دەپارێزێت.
ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەیپەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە.