Zana Natık Kerem
06 شوبات 2025•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2025
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان-عێراق، نێچیرڤان بارزانی و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ڕووسیا بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، میخائیل بۆگدانۆڤ کاری وەبەرھێنانی ڕووسیایان لە ھەرێم تاوتوێ کرد.
سەرۆکایەتی ھەرێم لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە نێچیرڤان بارزانی پێشوازی کردووە لە نێردەی تایبەتی سەرۆکی ڕووسیا بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، میخائیل بۆگدانۆڤ.
ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، برەودان بە پەیوەندییەکانی ڕووسیا لەگەڵ عێراق و ھەرێم، ھەروەھا پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا، کاری وەبەرھێنانی ڕووسیا لە ھەرێمی کوردستان، دۆخی سووریا و دوایین پێشھاتەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ کراون.
باسی لەوەش کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی وێڕای جەختکردنەوە لە خواستی ھەرێم بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا، ئاماژەی بە ئامادەیی و ڕۆڵی کۆمپانیا ڕووسییەکان لە ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بواری ھاریکاریی وزەدا کرد، ھەروەھا سوپاس و پێزانینی بۆ ڕووسیا دووپات کردەوە کە لە کاتە سەختەکاندا، یارمەتیی ھەرێمی داوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر گرنگی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر ـ بەغدا، ھەروەھا باسیان لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق و ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی ھەرێم کرد.
ئاماژەی بەوەشداوە کە ھەردوولا پشتیوانیی خۆیان بۆ ئارامی و سەقامگیری لە سووریا دەربڕیوە و جەختیان کردووەتەوە لە پاراستنی مافەکانی کورد و تەواوی پێکھاتەکان لە سووریا، ھەر لەوبارەیەوە تیکشیان خستووەتە سەر ھەڕەشە و مەترسییەکانی داعش لە عێراق و سووریا و داکۆکییان کردووە لە گرنگیی ڕێگرتن لە سەرھەڵدانەوەی داعش.
ڕاشیگەیاندووە کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێم لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە.