Heman Hussein Yaseen
17 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 18 کانوونی دووەم 2022
هەولێر - AA
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی کرد لە وەزیری دەرەوەی لیتوانیا، گاربریێلیوس لاندسبێرگیس و شاندی یاوەری.
بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا، برەودان بە پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ لیتوانیا، پرۆسەی سیاسیی و دۆخی عێراق بەگشتی، بەردەوامیی ھەڕەشەی داعش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دۆخی ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان و پرسی کۆچ و کۆچبەران لە کەمپەکانی ئەورووپا، تاوتوێ کران.
ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دەرەوەی لیتوانیا سوپاسی عێراق و ھەرێمی کوردستانی کردووە بۆ ھەنگاوەکان و ھاریکاری لە چارەسەرکردنی پرسی کۆچبەراندا و ھیوای خواستووە کە ئەو ھاوکارییەی لەسەر ئەم پرسە ھاتووەتە ئاراوە وەک دەرفەتێک بۆ ھاریکاریی ھاوبەش و برەودان بە پەیوەندییەکانی لیتوانیا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان فراون بکرێت، بەتایبەتی لە بوارەکانی مەشقی پیشەیی، پەروەردە، سکۆلەرشیپ و چەندین بواری دیکەدا.
ئاماژەی بەوەیش داوە، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی لیتوانیای کردووە کە بەشێکە لە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش و یارمەتیی عێراق و ھەرێمی کوردستانی داوە، لەبارەی پرسی کۆچیشەوە دووپاتی کردووەتەوە کە ھەرێمی کوردستان ھەرگیز نابێتە بەشێک بۆ دروستکردنی کێشە بۆ وڵاتانی ئەورووپا.
راشیگەیەندراوە کە ھەردوولا ھاوڕابوون کە دەبێت رێگریی بکرێت لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ و بەکارھێنانی بۆ مەرامی سیاسیی، بۆ ئەم مەبەستەش ھاریکاریی ھاوبەشی وڵاتان بەتایبەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، پێویستە.
هەروەها ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا، بایەخی پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا، دۆخی ناوچەکە بەگشتی و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی ھاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە.