Şerife Çetin,Aladdin Mustafaoğlu
06 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 07 شوبات 2024
نیویۆرک ــ AA
بریکاری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسیی و بنیاتنانی ئاشتیی، رۆزماری دی کارلۆ ڕایگەیاند کە ھێشتا دۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست مەترسیدارە.
رۆزماری دی کارلۆ لە میانی دانیشتنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لەسەر داوای ڕووسیا بۆ تاوتوێکردنی ھێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا لە عێراق و سووریا بەڕێوەچوو، گوتی: "گرژیی و ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ژمارەیەک وڵاتی گرتووەتەوە".
ئاماژەی بەوەشدا کە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ھۆشداری داوە لە پەرەسەنەندنی گرژییەکان لە ناوچەکە و ڕایگەیاند کە ھێشتا دۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست مەترسیدارە.
بریکاری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسیی و بنیاتنانی ئاشتیی، رۆزماری دی کارلۆ باسی لەوەش کرد کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣وە تا ئێستا، ١٦٥ ھێرش کراوەنەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراق.
داواشی لەسەرجەم لایەنەکان کرد کە ھەنگاوێک بچنە دواوە و دەرئەنجامە مرۆیی و ئابوورییە ئەگەرییەکانی ھەر ململانێیەکی ھەرێمی لەبەرچاو بگرن.
جەختیشی کردەوە لەسەر کە گرنگە نەخشەڕێگایەکی سیاسی بە ئامانجی بەدیھێنانی سەقامگیری ھەرێمی دابندرێت و داواشی لە سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد کە لە پەیوەندیدابن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕێگریی بکەن لە پەرەسەندنی ئەو گرژییانەی کە کاریگەرییان لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە ھەیە.
ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە، فەرماندەیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە لە میانی زنجیرەیەک ھێرشی ئاسماننیدا، ٨٥ ئامانجی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانیان لە عێراق و سووریا بۆردومان کردووە.
حکوومەتی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، ئەنجامدانی ھێرشەکەی ڕۆژی دووی ئەم مانگەی ھێزەکانیان بۆسەر ئامانجەکانی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، لە عێراق و سووریا لە تۆڵەی سێ سەربازەکەی ئەمریکابوو کە لە ئوردن کوژران.
ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕابردوو، بە ئاراستەکردنی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان، ھێرش کرایە سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژھەڵاتی ئوردن نزیک سنووری سووریا و بەھۆیەوە سێ سەرباز کوژران و ٤٠ی دیکەش برینداربوون.