Hemin Hüseyin
19 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2018
هەولێر - AA
گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بە پلانەکانی هاتوچۆ کرد لە رۆژانی جەژندا و رایگەیاند کە زیاتر لە هەزار ئەفسەر و کارمەند لە ئەرکدا دەبن بۆ رێکخستنی سیستەمی هاتوچۆ لە رۆژانی جەژندا.
گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر، فازڵ حاجی حوسێن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "لە رۆژانی جەژندا، هەزار و ٣٢٠ ئەفسەر و کارمەند لە ئەرکدا دەبن و بە درێژایی رێگای سەیرانگاکان بڵاوەیان پێ دەکرێت و ئەرکیان رێکخستنی هاتوچۆ دەبێت".
فازڵ حاجی گوتیشی: "سەرجەم رێگاکان کراوە دەبن و هیچ رێگایەکیش ناکرێت بە یەک ساید. هەروەها لە پلانەکەدا ١٣٤ ئۆتۆمبێل و ٨٢ ماتۆڕسیکل بەکاردێت بۆ راپەراندنی سەرجەم کارەکانی ئەو سێ رۆژە".
گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر راشیگەیاند کە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر قەدەغەیە بچێتە سەیرانگاکان و گوتی: "هەر بارهەڵگرێک کە لە جۆری دووتۆنی بەسەرەوە بێت قەدەغەیە بۆ سەیرانگاکان بچێت و لە دەروازەی شار رێگرییان لێ دەکرێت، هەروەها ئەو بارهەڵگرانەیشی کە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق هاتوچۆ دەکەن و بەهۆی داخرانی رێگای نێوان هەولێر و کەرکووک، ئەوا لە بازگەی دێگەڵە سۆناریان بۆ دەکرێت و رادەگیرێن تا درەنگانی شەو و ئینجا رێگایان پێ دەدرێت کە بێنە ناو شاری هەولێر یاخود وەکو رێگای بەدیل دەتوانن بچنەوە رێگای قوشتەپە و لەوێوە بێنەوە هەولێر".
فازڵ حاجی حوسێن راشیگەیاند هەر بە پێی پلانەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر، چوونی ماتۆڕسکیل بۆ سەیرانگاکان قەدەغەیە و گوتی: "چوونی ماتۆڕسکیلی دوو تایە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و تەنیا ماتۆڕسکیلی سێ تایە رێگای پێ دەدرێت، هەروەها کامێرای کۆنتڕۆڵکردنی خێرایی بە شێوەیەکی گەڕۆک بە سێ شیفت لە ئەرکدا دەبن سەرەڕای هەبوونی کامێرا جێگیرەکان، چونکە بەتایبەت لە کاتی گەڕانەوە پێشبڕکێی ئۆتۆمبێلەکان دەست پێدەکات".
فازڵ حاجی حوسێن گوتیشی: "ئەگەر هەست بکرێت هەر شوفێرێک کهولی خواردبێتەوە ئەوا لە لایەن تیمەکانی هاتوچۆوە پشکنینی بۆ دەکرێت و ئەگەر شوفێرەکە پشتڕاستکرایەوە ئەوا رادەستی تیمەکانی پۆلیس دەکرێت و رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە".