Mustafa Melih Ahıshalı
02 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 02 تەمووز 2023
ئیستانبوڵ - AA
بەهۆی بەردەوامی خۆپیشاندانەکان و توندوتیژییەکانەوە، ئێران هۆشداری دا بە هاووڵاتیانی ئەگەر زۆر پێویست نەبوو گەشت بۆ فەڕەنسا نەکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر کەنعانی، لە راگەیەندراوێکدا هۆشداری دا بە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی لە رووداوەکانی فەڕەنسا.
کەنعانی رایگەیاند: ''بەهۆی کێشە ئەمنییەکانی فەڕەنساوە داوا لە هاووڵاتیانمان لەو وڵاتە دەکەین ئەگەر پێویست نەبوو نەچنە دەرەوە و خۆیان بە دوور بگرن لە ناوچەکانی پێکدادان. ئەگەر زۆر پێویست نەبوو پێویستە ئێرانیەکان خۆیان لە گەشت کردن بۆ ئەو وڵاتە بەدوور بگرن''.
ناسر کەنعانی داوای لە حکوومەتی فەڕەنسا کرد بە رێگای دیموکراسیی رووداوەکان چارەسەر بکات و گوتی: ''پێویستە حکوومەتی فەڕەنسا رێز لە شکۆی مرۆڤ و بنەماکانی ئازادی رادەربڕین و مافی سازکردنی خۆپیشاندانی ئاشتیانە بگرێت و کۆتایی بە گرژییەکان لەگەڵ گەلەکەی بهێنێت''.
- خۆپیشاندانەکانی فەڕەنسا
لە ٢٧ی حوزەیراندا، لە شاری نانتیری پۆلیسی فەڕەنسا تەقەی لە ئۆتۆمبێلێک کرد کە سێ کەسی تێدابوو، لە ئاکامدا شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کە کەسێکی ١٧ ساڵان بوو بە ناوی نائل م. گیانی لەدەستدا.
وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر کوژرانی ئەو گەنجە، لە چەند شارێکی جیاوازی وڵاتەکە خۆپیشاندان دەستی پێکرد.
لەگەڵ ئەوەی بڕیاردرا بە دوور خستنەوەی ئەو پۆلیسەی کوڕەکەی کوشتبوو و هەروەها دادگایی کردنی بە دەستبەسەرکراوی، بەڵام رەوشەکە هێورنەبووەتەوە.
بەهۆی روودانی تاڵان و لەو شارانەی خۆپیشاندانەکانیان تێدا بەڕێوەدەچێت، لە ١٠ شار لە کاتژمێر ٢١:٠٠ەوە قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندراوە.