Zana Natık Kerem
07 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2017
غەززە ــ AA
سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، ئیسماعیل هەنییە داوای كرد كە سبەی هەینی راپەڕینێك دژبە بڕیارەكەی ئەمریكا بۆ ناساندنی قودس وەك پایتەختی ئیسرائیل، ئەنجامبدرێت.
لە گوتارێكدا كە لە شاری غەززە پێشكەشی كرد، ئیسماعیل هەنییە گوتی: "داوا لە دەسەڵاتداریەتی فەڵەستینی دەكەین، كشانەوەی خۆی لە رێككەوتنی ئۆسلۆ، هەروەها رێككەوتنی ئاشتی كە لە ساڵی 1993 لە نێوان ئیسرائیل و رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین واژوو كراوە، رابگەیەنێت".
سەرۆكی بزووتنەوەی حەماس ئاماژەی بەوەشدا كە بڕیارەكەی ئەمریكا لە بارەی قودس، مانای سەرەتای قۆناغێكی نوێی سیاسییە، جارێكی دیكە پڕۆسەی ئاشتی بۆ هەتا هەتایە لە گۆڕ نرا و بۆیە چی دیكە پڕۆسەی یەكلایی كردنەوە یان ئاشتی بوونی نەما، هەروەها شتێكی بە ناوی هاوبەشی لە پڕۆسەی ئاشتی نەما.
ئیسماعیل هەنییە داوای لە سەركردەكانی فەڵەستین، وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی كرد كە بایكۆتی ئیدارەی ئەمریكا بكەن و گوتی: "قودس بە رۆژهەڵات و رۆژئاواكەی، فەڵەستینی عەرەبی ئیسلامییە و پایتەختی دەوڵەتی هەموو فەڵەستینە".
سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس گوتیشی: "یەك فەڵەستینی یەكگرتوو هەیە كە دابەشبوون بەسەر دوو دەوڵەتیی یان دوو قەواریی قبووڵ ناكات، فەڵەستین و قودس بۆ ئێمەیە، داگیركاری خاكی فەڵەستین لە لایەن ئیسرائیلەوە نا شەرعییە".
ئیسماعیل هەنییە جەختی لەسەر پەلەكردن لە جێبەجێكردنی هەنگاوەكان بۆ ئاشتەوایی فەڵەستین كردووە، هەروەها پێشوازی لە بانگەوازەكەی سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان كرد كە داوای كردبوو رۆژی چوارشەممەی داهاتوو رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی لووتكەیەكی بەپەلە لە شاری ئیستانبۆل بە ئامانجی تاوتوێ كردنی بڕیارەكەی ئەمریكا لە بارەی قودس ساز بكات.
دوێنێ چوارشەممە لە گوتارێكیدا، سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ قودسی وەك پایتەختی ئیسرائیل ناساند و هەروەها بڕیاری دا باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە تەلئەبیبەوە بگوازێتەوە بۆ قودس.
بڕیارەکەی ترەمپ نیگەرانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و نێودەوڵەتی بە دوای خۆیدا، هێنا.