hemn husain
07 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 08 ئاب 2016
پێشی دوو ساڵ، رێکخراوی تیرۆریستی داعش پەلاماری دەشتی نەینەوایان دا، بەم هۆیەوەش کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی مەسیحی بوونە قوربانی و بەشێکی زۆریش هانایان بۆ هەرێمی کوردستان هێنا.
لەبەردەم کڵێسای ماریوسف لە شارۆچکەی عەنکاوە، بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی و وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوان سادق و پیاوانی ئایینی مەسیحی و بەشێک لەو هاووڵاتییانەی کە بەهۆی کردەوە توند و تیژییەکانی داعش ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، یادی دوو ساڵەی کۆمەڵکوژی مەسیحییەکان کرایەوە.
پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "مەسیحییەکان قوربانی دەستی تیرۆر و ئەو ئایدیۆلۆژیا توندڕەوییەن کە لە عێراق هەیە و رەفزی یەکتر قبوڵکردنی کردووە و هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە پێشی دوو ساڵ تیرۆریستانی داعش، دوای پەلاماردانی شنگال، پەلاماری دەشتی نەینەوا و چەند شوێنێکی دیکەیاندا و بەم هۆیەوەش کۆمەڵێک خەڵک بوونە قوربانی و چەندانی دیکەش ئاوارەبوون، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو یەکتر قبوڵنەکردن و یەکتر سڕینەوە بووە لە رابردوودا کە چیرۆکی عێراق، چیرۆکێکی پڕ تراژیدیا بووە".
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بە سەقامگیری هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "لە تەنیشت ئەوەش ئەزموونی هەرێمی کوردستان ئەوەی سەلماندووە لە چەند ساڵی رابردوودا کە جێگایەکی سەقامگیر و ئاسایش بووە سەرەرای ئەوەی کە پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن وایکردووە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش پاڵپشتی ئەو ئەزموونە بکات، ئەو ئەزموونەش باشترین دەستکەوتە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان".
بەشێک لەو هاووڵاتییانەی لە ئەنجامی کردەوە توندڕەوییەکانی تیرۆریستان ناوچەکانی خۆیان جێهێشتووە لەبەردەم کڵێسای ماریوسف بەشداری رێورەسمەکەیان کرد و یەکێک لەو هاووڵاتییانەش خەڵکی شارەدێی ئەلقوشی سەر بە پاریزگای نەینەوایە و مامۆستای خانەنشینە و ئاماژە بەوە دەکات کە گرووپی تیرۆریستی داعش کارەساتی بەس نەتەوەکانی عێراق هێناوە و تیرۆر دەکاتە هۆکارێک بۆ جێهێشتنی زێدی خۆیان.
عەبدولئەحەد حەننا فەلوچ تەمەن 60 ساڵە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە لەبەر زوڵم و ستەمی گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش و نەبوونی ئاسایشی و سەقامگیریی روومان لە هەرێمی کوردستان کردووە و هەرێمی کوردستان باشتر پێشوازی لێکردووین و سەرجەم پێداویستییەکانییان بۆمان دابینکردووە".
فەلوچ گوتیشی: "لەکاتی دەرچوونمان لە زێدی خۆماندا، لە رێگا کوژراوەکانمان بینی و ئێمەش دوو منداڵ و گەنجێک و کچێکمان کوژراون و شکور بۆ خوا ئیستا سەلامەتین، هەرچەندە حاڵی ئێمەش لە برا ئێزدییەکان باشترنەبوون لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەی کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش".
لە 7/8/2014 رێکخراوی تیرۆریستی داعش پەلاماری دەشتی نەینەوایان دا و تاوانێکی کۆمەڵکوژییان دژ بە پێکهاتەی مەسیحی لەو ناوچەیە ئەنجامدا و بەشێکی زۆریش ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.