Zana Natık Kerem
12 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو دوایین پێشھاتە ئەمنیی و سیاسییەکانیان لە ناوچەکە تاوتوێ کرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی بزووتنەوەی وڵاتانی بێلایەن کە لە شاری بێلگراد پایتەختی سربیا بەڕێوەدەچێت، فوئاد حوسێن لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو کۆبووەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا گفتوگۆکراوە، ھەروەھا دوایین پێشھاتە ئەمنیی و سیاسییەکانیان لە ناوچەکە تاوتوێ کراون.
ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە رۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، خراوەتە بەرباس.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی سەردانیکردنی بەرپرسانی ھەردوو وڵات بەمەبەستی تاوتوێکردنی ژمارەیەک پرسی گرنگی ھاوبەش، ھەروەھا پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەش بە ئامانجی پێشکەشکردنی ئاسانکاریی لە گەشتکردنی ھاووڵاتییانی ھەردوو وڵات.
بەپێی راگەیەندراوەکە لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی فوئاد حوسێن کردووە بەبۆنەی سەرکەوتنی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، ھەروەھا ستایشی دەستپێشخەرییەکەی عێراقی کردووە لە بەستنی کۆنگرەی بەغدا بۆ ھاریکاریی و ھاوبەشی کە لە ماوەکانی رابردوودا لە بەغدا، بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییە سیاسییەکان و چارەسەرکردنی قەیرانەکان لە ناوچەکە، بەڕێوەچوو.