Rawan Subhi Obaiullah
16 مای,س 2025•نوێکردنەوە: 17 مای,س 2025
دھۆک - AA
پارێزگاری دھۆک، عەلی تەتەر رایگەیاند ئێمە پێشوازی لە "پرۆسەی ئاشتی" دەکەین و ئەگەر ئەم پرۆسەیە سەربگرێت پارێزگای دھۆک سوودمەندی یەکەم دەبێت. ھەروەھا داواشی کرد بە کردار رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە ناوچەکانیان چۆلبکات تاکو ھاوڵاتیانیان بگەڕێنەوە سەر گوندەکانیان.
پارێزگای دھۆک تەتەر لە میانەی کونگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیارێکدا لە بارەی پرۆسەی خۆھەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی رێکخراوی تیرۆریستيی پەکەکە گوتی: "ھۆکاری ھەرە زۆری رێژەی بێکاری لە پارێزگای دھۆک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سەدا ٣٠ی گوندەکانی پارێزگاکەمان بە ھۆی پەکەکەوە ئاوەدان نەکراونەتەوە، و زۆربەی خەڵکەکەمان لە سەنتەری شار نیشتەجێ کراون و بێکارن".
پارێزگاری دھۆک گوتی: "ئێمە پێشوازی لە پرۆسەی ئاشتی دەکەین لەھەر شوێنێک بێت لە جیھان، ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە کوردستان بێت، دووجار پێشوازی لێدەکەین و ئەگەر لە سنوری دھۆکە سێجار پێشوازی لە پرۆسەی ئاشتی دەکەین، ھیچ پارێزگایەک ھێندەی دھۆک زەرەرمەند نەبووە لە شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا، دەخوازین پرۆسەی ئاشتی سەربگرێت و داواش دەکەین بە کردار پەکەکە ناوچەکانمان چۆلبکات، تاکو ھاوڵاتیانمان بگەڕێنەوە سەر گوندەکانیان".
عەلی تەتەر گوتیشی: "ئێمە شۆڕشمان کرد بۆ ئەوەی بە خۆشی بژین بەڵام خەڵکی ئێمە لەسەر گوندەکانیان ئاوارەی گوندێکی دیکە بوونەتەوە یا لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە ئاوارەبوونەتەوە بەداخەوە ئەوەش بەھۆی ئەنجامی سیاسەتی ھەڵەی پەکەکە بووە. من خۆم وەک پارێزگار ٣٨ ساڵە گوندی خۆم نەبینیوە، دەیان ھەزار کەسی وەک من بێبەشبوونە لە گوندەکانیان، ھیوادارین پرۆسەی ئاشتی سەربگرێت و کۆتایی بە شەڕبێت لەو دەڤەرە، چونکە ناوچەیەکی دەولەمەند و جوانە، ناوچەکە گونجاوە بۆ کەرتی گەشت و گوزار".
عەلی تەتەر لە بارەی ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان گوتی: "ئێمە دەستمان بە ئاوەدانکردنەوەش کردووە لەگەلی باڵندە بۆ ناوچەی رێکان و مزووری، ئەگەر پرۆسەی ئاشتی سەربگرێت دەتوانین دەستی ئاوەدانی بگەیەنینە ناوچەکانی دیکەی وەک نێروە و رێکان و بەری گارە و نھێلی و دۆسکی ژۆریش دەستی ئاوەدانیان پێ بگات".
تەتەر لە كوتاييدا جەختی لەوەکردەوە: "ھیچ ناوچەیەک وەک دھۆک زەرەرمەند نەبووە بە ھۆی ئەو شەڕەوە، ئەگەر جارێک بە زمانی زبریش قسەمان کردبێت ھۆکاری ئەو ژانەیە، ئەو کەسەی ژانی نەبێت ھەست بەئازار ناکات، لەوانەیە تا دەیان ساڵی دیکەش کۆتایی بە کێشەی گوندە سنوریەکان نەیەت، خەڵک زەرەرمەندبووە و کێشەی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە، راستە پرۆسەکە پەیوەندی بە تورکیا و پەکەکەوە ھەیە، بەڵام ئەگەر سەری گرت سوومەندی یەکەم خەڵکی پارێزگای دھۆکە".