Muhammet Nazım Taşcı
26 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 27 ئاب 2022
ئیسلام ئاباد-AA
بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ باری نائاسایی لە پاکستان راگەیەندرا.
بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە راگەیاندنە خۆجێیەکانی پاکستان بڵاوکراونەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی ئەو باران بارینە بەخوڕانەی کە لە ١٤ی حوزەیرانەوە لە سەرانسەری وڵاتدا بەردەوامە، گیانیان لەدەستداوە بۆ ٩٣٧ کەس بەرزبووەوە.
ئاماژە بەوەشدراوە کە لەو کەسانەی کە گیانیان لەدەستداوە ٣٤٣یان منداڵ و ١٩٨ی دیکەشیان ژن بوون.
بەرپرسان رایانگەیاند، لافاوەکان کاریگەرییان کردووەتە سەر ٣٠ ملیۆن کەس لەو وڵاتە و زۆربەی ئەو کەسانە ناچاربوون خانووەکانیان چۆڵ بکەن.
لە سەرانسەری وڵاتدا ٦٧٠ هەزار و ٣٢٨ خانوو زیانی بەرکەوتووە و ١٤٥ پرد داڕووخاوە. هەروەها لافاوەکە زیانی بە سێ هەزار و ٨٢ کیلۆمەتر لە رێگا سەرەکییەکان گەیاندووە.
- پشتیوانی نێودەوڵەتیی
لە چوارچێوەی پشتیوانییەکان بۆ زیانلێکەوتووانی ئەو رووداوە سرووشتییە، ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران و ژەنەڕاڵەکان مووچەی مانگانەیان بەخشییە سندووقی فریاگوزاریی بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە.
هاوکات سەرۆکوەزیرانی پاکستان، شاهباز شەریف بۆ زیادکردنی هاوکارییەکان و دووبارە نۆژەنکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان، لەگەڵ باڵیۆز و نێردی وڵاتانی بیانی کۆبووەوە.
لە لایەکی دیکەوە ئەوە راگەیەندرا کە بانکی نێودەوڵەتیی ٣٥٠ ملیۆن دۆلار، بەرنامەی خۆراکی جیهانیی ١١٠ ملیۆن دۆلار، بانکی گەشەپێدانی ئاسیا ٢٠ ملیۆن دۆلار و بەریتانیا ٤٠ ملیۆن دۆلار بۆ یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی لافاوەکان لە پاکستان، دەنێرن.