واشنتۆن
لە ماوەی رابردوودا رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی ناسراو بە (داعش) دوو رۆژنامەنووسی ئەمریکی و هاوڵاتییەکی بەریتانی سەربڕی، دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵیش رایدەگەیەنێ ناسنامەی ئەو کەسەی ئاشکراکردووە کە لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێ و کەسەکان سەردەبڕێ.
بەڕێوەبەری نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدرالی ئەمریكا جەیمس كۆمی بە میدیاکانی راگەیاند، پێیانوایە ناسنامەی ئەو کەسە دەمامکدارەی داعشیان ئاشکراکردووە، كە دوو رۆژنامەنووسە ئەمریكی و هاوڵاتییە و بەریتانییەکەی سەربڕی.
بەڵام كۆمی ئامادە نەبوو ناو و ناسنامەی ئەو کەسە بۆ میدیاکان ئاشکرا بکا، هەرچەندە جەختی لەسەر ئاشکراکردنی دەکردەوە.
لە 13ی ئەم مانگەدا چەند پێگەیەکی ئینتەرنێت کە بۆچوون وایە سەر بە داعشن، گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوكردەوە كە تیاید سەربڕینی دەیڤد هاینزی بەریتانی ٤٤ ساڵ پیشاندەدا، کە رێکخراوەکە لە ئاداری ٢٠١٣ لە سوریا دەستبەسەری کردبوو.
هاینز بووە سێیەم کەس بەو چارەنووسە بگا، دوای دوو رۆژنامەنووسە ئەمریکییەکە، ستیڤین سوتلوف لەم مانگەدا و جەیمس فۆلی لە مانگی رابردوودا.