Ramal Abdullah Mahmood
26 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 27 ئادار 2017
ساوپاوڵۆ – AA
دوای ئاشکرابوونی گۆشتی ماوەبەسەرچووی بەڕازیلی لە چین، شیلی و میسر، ئەو وڵاتانە دەستیان کردووە بە هەڵگرتنی قەدەغەکردنی بەشێک لە هاوردەکردنی گۆشتی بەڕازیلی و تەنها گۆشتی ئەو کۆمپانیایانە رێگەیان پێ نادرێت کە لەم کارەوە تێوەگلاون.
سەرۆکی بەڕازیل، میشال تامر لەمبارەیەوە سوپاسی حکوومەتی چینی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە لەو باوەڕەدایە وڵاتانی دیکەش چاو لە چین دەکەن بۆ هاوردەکردنی گۆشت لە بەرازیلەوە بۆ وڵاتەکانیان. ئەم بڕیارەی چین-یشی بە متمانەکردن بە سیستەمی پاراستنی کشتوکاڵی ناوبرد.
وەزیری کشتوکاڵی بەڕازیل، بلاریۆ ماگگی لە راگەیەندراوێکدا جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەتی چین قەدەغەکردنی هاوردەکردنی گۆشتی بەڕازیلی بۆ ئەو وڵاتە کەمکردووەتەوە و سوپاسی ئەو وڵاتەی کردووە.
دوای لێکۆڵینەوەی پسپۆڕانی گۆشت، شیلی-ش بڕیاری هەڵگرتنی قەدەغەکردنی گۆشتی هاوردەکراوی بەڕازیلی دا جگە لەو کۆمپانیایانەی لە هەناردەکردنی گۆشتی ماوە بەسەرچووەوە تێوەگلاون.
پێشتریش بەرپرسانی کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی گۆشتی بەڕازیلی ئاماژەیان بەوە دابوو ئەو بەرهەمەی بۆ میسر دەنێردرێت لەلایەن هەردوو وڵاتەوە دەپشکێنرێت.