Ramal Mahmood
02 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2017
ئیستانبوڵ – AA
٧٣ پەرلەمانتاری ئێران داوا لە رێبەری ئایینی ئێران، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی دەکەن پشتگیری پلانی گواستنەوەی پایتەختی ئێران بکات لە تارانەوە بۆ شارێکی دیکە.
لەمبارەیەوە پەرلەمانتار ئەبولفەزل ئەبوتورابی بەئاژانسی هەواڵی پەرلەمانی ئێرانی راگەیاندووە،٧٣ پەرلەمانتار نامەیەکیان بۆ خامنەیی نووسیووە و ئاماژەیان بەوە داوە کە دەیانەوێت بەهۆی قەرەباڵغی تاران، پیسبوونی کەشوهەوا، جەنجاڵی هاتوچۆ و مەترسی زەمینلەرزە پڕۆژەیاسای گواستنەوەی پایتەخت لە تارانەوە بۆ شارێکی دیکە کە لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ لە پەرلەمانی ئێران پەسەند کرا، جێبەجێ بکرێت.
ئەبوتورابی بەئاماژەدان بەئاگرکەوتنەوە لە بنکەیەکی دروستکردنی پلاسکۆ لە مانگی کانوونی دووەم لە تاران کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٢٦ کەس، گوتی: "ئەم رووداوە لێدانی زەنگی مەترسی بوو لە رووی شارسازییەوە لە تاران. ٧٣ پەرلەمانتارەکە لە نامەکەیاندا بۆ خامنەیی، داوایان کردووە بۆ گواستنەوەی پایتەخت رێنمایی پێویست بداتە بەرپرسانی پەیوەندیدار. رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی بنکەی دروستکردنی پلاسکۆ دەرخەری ئەوەیە کە تاران تا چ ئەندازەیەک بێهێزە لەم جۆرە رووداوانەدا".
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە هەنگاوی پێویست بگیرێتە بەر بۆ پلانی گواستنەوە پایتەخت لە تارانەوە بۆ شارێکی دیکە و، گوتی: "لە خولی رابردوودا پەرلەمان پڕۆژەیاسای گواستنەوەی پایتەختی سیاسیی و کارگێڕی پەسەند کرد. لەگەڵ ئەوەشدا سەرکۆمار، حەسەن روحانی تاکو ئێستا گرنگی نەداوە بەجێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە یاسایە".
پڕۆژە یاسای گواستنەوەی پایتەختی ئێران لە تاران کە ژمارەی دانیشتووانی ١٦ ملیۆن کەسە بۆ شارێکی دیکە لە ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ بەدەنگی ١١٠ پەرلەمانتار لە کۆی ٢٩٠ کورسی پەرلەمان پەسەند کرا، کە ژمارەیەک پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون و ژمارەیەکی دیکەشیان دەنگیان نەدا. لەمیانی پلانەکەدا ئەنجوومەنێک پێکهێنراوە بۆ دیاریکردنی باشترین شوێن بۆ پایتەختی ئێران وەک جێگرەوەی تاران.