Ali Cura,Abdullah Abdulmanaf Shukur
19 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 19 کانوونی دووەم 2020
بەرلین - AA
سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین، سەبارەت بە قەیرانی لیبیا رایگەیاند، کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەرلین لە ئەنجامی ھەوڵە سەرکەوتووەکانی رووسیا و تورکیا ئەنجامدەدەرێت و گوتی: "بەردەوام دەبین لە کارکردن و کۆتایی بەم پێکدادانە دەھێنین".
پوتین دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە بەرلین، لە بەشە کراوەکەی بە ڕووی میدیاوە قسەی کرد.
- "فێری دۆزینەوەی خاڵی ھاوبەش و گوتووێژ بووین"
پوتین، ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندی نێوان تورکیا و رووسیا لە زۆر بواردا زۆر دۆستانە و گەرمە و گوتی: "لە ھەموو بوارەکاندا گفتوگۆمان ھەیە، ئەگەر ھاتوو گفتوگۆکان بە ئاسانی بەڕێوەنەچوو ئەوە ئێمە ھەموو کات فێری دۆزینەوەی خاڵێکی ھاوبەشی گونجاو و گوتوێژ بووین. دەتوانم بڵێم پەیوەندییەکەمان نموونەیەکی پرشنگداری ھەماھەنگی بنیاتە لە نێوان دوو وڵاتی دراوسێ".
- "لە سایەی ئاگربەستەوە کۆنفرانس ئەنجامدەدرێت"
پوتین، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لەگەڵ تورکیا بە شێوەیەکی بەرھەمھێنەر کاریان لەسەر بابەتی چارەنووسساز کردووە لە ناوچەکە و ھەنگاوەکانی چارەسەرکردن لە لیبیا و سووریای وەبیر ھێنایەوە و گوتی: "بە بڕوای من ھەنگاوی جیددیمان ناوە بەرەو پێەوە. لە ئیستانبوڵەوە لایەنە نەیارەکانی لیبیامان بانگهێشت کرد بۆ ئاگربەست. سەرەڕای چەند رووداوێک لە گۆڕەپاندا هەیە بەڵام لایەنەکان گوێیان لێگرتین و ئاگربەستیان راگەیاند، پێکدادان وەستێنرا. بە ڕاستی ئەمە ئەنجامێکی ئەرێنییە. لە سایەی ئەم سەرکەوتن و ئاشتییە دەتوانین ئەمڕۆ لە بەرلین بەشداری ئەم کۆبوونەوە نێودەوڵەتییە ببین".
پوتین جەختیشی لەوە کردەوە بە شێوەیەکی کاریگەر کار لەسەر دیدار و کۆبوونەوەکانی پەیوەندیدار بە لیبیا لە شاری مۆسکۆ پایتەختی رووسیا دەکەن و گوتیشی: "پێموایە ھاتنی لایەنەکانی لیبیا بۆ مۆسکۆ و کۆبوونەوەکانی نێوخۆیان بەدەر لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئێمە خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنە. بەم ھۆیەوە سوپاسی وەزارەتی دەرەوەمان دەکەم".
کۆنفرانسی لیبیا
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکل بۆ کۆنفرانسی پەیوەندیدار بە لیبیا بانگھێشتی سەرۆکی وڵات و سەرۆکی حکوومەتی وڵاتانی کردبوو.