Sarmand Hameed
04 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 05 تشرینی دووەم 2018
واشنتۆن - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ رایگەیاند، واشنتۆن دەستیکردووە بە لێپێچینەوە لە ژمارەیەک کەس کە بەرپرسیارن لە کوشتنی رۆژنامەنووسی سعوودی، جەمال خاشقچی کە لە دووی تشرینی یەکەمی رابردوو لەناو کۆنسولخانەی سعوودیە لە ئیستانبوڵ کوژرا.
پۆمپیۆ لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی، هەڵسەنگاندنی بۆ رووداوی کوژرانی رۆژنامەنووسی سعوودی، جەمال خاشقچی کرد و رایگەیاند "دەستمانکردووە بە لێپێچینەوە لە ژمارەیەک کەس کە بەرپرسیارن لە کوشتنی خاشقچی، لەم چوارچێوەیەدا ڤیزای ١٦ کەسمان هەڵوەشاندەوە لە دوای دیاریکردنی ناسنامەکانیان و سەلماندنی پەیوەندییان بە پرسی کوشتنی خاشقچی".
پۆمپیۆ بەڵێنی ئەوەی دا کە واشنتۆن لێپێچینەوە لە هەموو ئەو کەسانە دەکات کە بەرپرسیارن لەو کارە، هاوکات جەختی لە پاراستنی پەیوەندییە ستراتیجییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ سعوودیەدا کردەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "ئیدارەی ترەمپ پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعوودیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران لە ناوچەکە بە گرنگ و لە پێشینە دادەنێت".
لەبارەی سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران کە رۆژی دووشەممە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە، پۆمپیۆ گوتی "توندترین زنجیرە سزا دەبێت کەبەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەسەپێنرێت".