ھەولێر
لێژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكان رایدەگەیەنێ بەمەبەستی دابینكردنی شەفافییەتی زیاتر لەكەرتی نەوت و غازدا حكومەتی ھەرێم بڕیاردراوە لێژنەیەكی ھەماھەنگیی لە لێژنەكەیان و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی ھەرێم پێكبھێنرێ، بەپێی جێگری سەرۆكی لێژنەكە لەپەرلەمان بۆ وەرگرتنی زانیاریی تەواو لەسەر نەوتی ھەناردەكراو بڕیارە لێژنەی بڕیار لێدراو سەردانی بەندەری جەیھان بكات.
لێژنەی پیشەسازیی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی پەرلەمان پێشبینی دەكات لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگەی تكساس لەبەرژەوەندیی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم داخوازی لەسەر كڕینی نەوتی ھەرێم لەلایەن كۆمپانیاكانی جیھانەوە زیادبكات.
جێگری سەرۆكی لێژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دڵشاد شەعبان ئاشكرای دەكات لە كۆبوونەوەی نێوان لێژنەكەیان و ئەنجومەنی باڵای نەوت و غازی ھەرێم كە ٢٤ی ئاب لە تەلاری حكومەت بەڕێوە چوو بۆ دەستەبەركردنی شەفافییەت و زانیاریی زیاتر لەسەر كەرتی وزەی ھەرێم بڕیاری دروستكردنی لێژنەیەكی ھەماھەنگیی لەنێوان لێژنەكەیان و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دراوە كە لە ئایندەدا سەردانی بەندەری جەیھانی توركی دەكەن.
دڵشاد شەعبان لەوبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:" لەكۆبوونەوەی چەند رۆژی رابردووماندا لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای نەوت و غازی ھەرێم سەرۆكی حكومەت بۆ دەستەبەركردنی شەفافییەت و زانیاریی زیاتر لەسەر كەرتی وزە بۆ لێژنەكەمان و پەرلەمان بڕیاری دروستكردنی لێژنەیەكی ھەماھەنگیی دا كە لە ئەندامانی لێژنەكەمان و چەند كەسێك لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پێكدێ و ھەفتانە زانیاریی وەردەگرین و ھەماھەنگیمان دەبێ."
بەپێی قسەی شەعبان ئەو لێژنەیە جێگیر دەبێ نەك كاتی.
ئەو پەرلەمانتارە لەدرێژەی قسەكانیدا لەسەر دروستكردنی دوو كۆگای ھەڵگرتنی نەوتی ھەرێمی كوردستان لەبەندەری جەیھانی توركی دەڵێ:" ئەو لێژنەیە لەداھاتوودا سەردانی بەندەری جەیھانی توركی دەكات بۆ زانینی سەرجەم ئەو زانیارییانەی لەسەر ھەناردەكردنی نەوت ھەن ھەر لە بڕ و چۆنێتی ھەناردەكردن و فرۆشتن و لایەنی كڕیار و تا دوایی."
دڵشاد شەعبان لەدرێژەی قسەكانیدا لەبارەی بڕیارەكەی دادگەی تێكساس كە فەرمانێكی پێشتری ئەو دادگەیەی ھەڵوەشاندەوە لەسەر راگرتنی ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێمی كوردستان بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و بەوەش ھەرێمی كوردستان توانی سكاڵاكەی حكومەتی عێراق كە بووە ھۆی راگرتنی بەتاڵكردنەوەی كەشتیی بارھەڵگر بەنەوتی ھەرێم لەو ویلایەتە بباتەوە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی" ئەو بڕیارە پێشبینی كراو بوو."
شەعبان گوتیشی:" بڕیاری ئەو دادگەیە و ھەر دادگەیەكی تر لەبەرژەوەندیی ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێمی كوردستان پێشبینیكراوە چونكە نە ئەو دادگەیە و نە ھیچ دادگەیەكی دیكە ناتوانێ نایاسایی بوونی ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێم یان نادەستووری بوونی بسەلمێنێ، بۆیە ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێم یاساییە."روونیشی كردەوە:" ئەوەی عێراق دەیكات بەرامبەر بە ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێم شەڕێكی سیاسییە نەك یاسایی، دادگەی تێكساسیش پاش تەماشاكردنی دەستووری عێراق و یاساكانی ئەم وڵاتە و ھەرێمی كوردستان لەبواری نەوت و غاز بۆی دەركەتووە شەڕی عێراق سیاسییە و ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێم ھیچ كێشەیەكی یاسایی نییە."
جێگری سەرۆكی لێژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان لەدرێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو چاوەڕوانی ئەوەی كرد ئەو بڕیارە كاریگەریی باشی لەسەر زۆربوونی داخوازیی كۆمپانیاكانی كڕیاری نەوتی ھەرێم زیاتر ببێ.
گوتیشی"رەنگە پێشتر ھەندێك وڵات بۆ تێكنەچوونی پەیوەندییە ئابووری و دیبلۆماسییەكانییان لەگەڵ عێراق دوو دڵ بووبێتن لەكڕینی نەوتی ھەرێم، بەڵام بڕیارە روونەكەی دادگەی تێكساس ئەو دوودڵییە ناھێڵێ و پێشبینی دەكەم زۆربوونی داخوازی لەسەر كڕینی نەوتی ھەرێم بەتایبەت لە ئاسیا و ئەوروپا بەرپرسانی ھەرێم ناچار بكات ئاستی ھەناردەكردنی نەوت زیاتر بكەن."
باسی لەوەش كرد كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ھێشتا لەسەر ئەو پلانەی خۆی دەڕوا كە ئاستی ھەناردەكردنی نەوتەكەی لەكۆتایی ئەمساڵدا بۆ ٤٠٠ تا ٥٠٠ ھەزار بەرمیلی رۆژانە بەرز بكاتەوە.
لەمەڕ ھەڕەشەكانی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش لەسەر كەرتی نەوت و غازی ھەرێم، دڵشاد شەعبان بەدووری زانی ھەڕەشەكانییان ھیچ كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر كەرتەكە لە ھەرێم بەجێ ھێشتبێ.
لەوبارەیەوە گوتی" داعش و ھەڕەشەكانی ئەو گرووپە ھیچ كاریگەرییەكی لەسەر كەمبوونەوەی ئاستی ھەناردەكردن و بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێمی نەكردووە."
بەپێی زانیارییەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ھەرێمی كوردستان ٥٧ بلۆكی نەوتیی ھەیە، ٣٧ كۆمپانیای نەوتیی بیانیش لەنێویاندا زەبەلاحەكانی دنیا ھەن لەم كەرتە لەھەرێم گرێبەستییان ھەیە.
دڵشاد شەعبان لە كۆتایی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە كرد كە بەپێی یاسای نەوتی و غازی دەرچوو لە پەرلەمانی كوردستانەوە حكومەتی ھەرێم بەدوو جۆر نەوتی ھەناردەكراوی دەفررۆشێ، لەوبارەیەوە دەڵێ: "رێگەی یەكەمیان ئەوەیە حكومەتی ھەرێم لە رێگەی كۆمپانیاكانەوە كە ئێستا كۆمپانیاكانی توركیا ئەو كارە دەكەن نەوتی خۆی دەفرۆشێ، ھەرچی رێگەی دووەمە ئەوا كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت لەھەرێم بۆخۆیان نەوت دەفرۆشن بە كۆمپانیا و لایەنی دیكە."