Zana Natık Kerem
19 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 20 تەمووز 2018
قودس ــ AA
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، پەرلەمانی ئیسرائیل "کنێست"، بە شێوەیەکی کۆتایی یاسایی نەتەوەیی کە جێگەی مشتومڕە و لیستی عەرەبی ھاوبەش بە یاساییەکی دژ بە دیموکراتی لەقەڵەمی داوە و بە جیاکاری رەگەزپەرستی وەسف کردووە، پەسەند کرد.
لیستی عەرەبی ھاوبەش لە کنێست "یاسای نەتەوەیی" کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە پەرلەمانی ئیسرائیل پەسەندیکردووە بە مەترسیدارترین یاساکان لەم دەیانەی رابردوودا لەقەڵەمی داوە، چونکە یاساکە ئاماژەیە بۆ جیاکاری دژ بە عەرەب.
لیستەکە کە لە ١٣ ئەندام پێکھاتووە لە بەیاننامەیەکدا، ئاماژەی بەوەداوە کە یاسا نوێیەکە، بەسەر ھەر یاسایەکی ئاساییدا زاڵ دەبێت و کاریگەری دەبێت بۆ سەر شیکردنەوەی یاساکان لە دادگاکان، چونکە ناسنامەی دەستوور بۆ سیستەم دیاری دەکات بە واتایەکی دیکە، ئەوە دیاری دەکات کە کێ خاوەنی سەروەری دەبێت، ھەروەھا یاساکە تەنھا گەلی جوولەکە بە خاوەنی سەروەری لە وڵاتدا دەناسێنێت.
٦٢ ئەندام لە پەرلەمانی ئیسرائیل دەنگیان لە بەرژەوەندی یاساکەدا داوە و لە بەرامبەردا، ٥٥ ئەندام دژ بە یاساکە دەنگیان داوە، ھەروەھا دوو ئەندام دەنگیان نەداوە.
لە گرنگترین ئەو خاڵانەی کە لە یاساکەدا ھاتووە و رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرەنۆت بڵاویکردووەتەوە، قودس بە تەواوی و یەکگرتوویی وەک پایتەخت بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل دەناسێنێت.
ھەروەھا یاساکە، بنیاتنان و پەرەپێدان بە جوولەکەنشین بە "بەھایەکی نەتەوەیی" بۆ ئیسرائیل داناوە و کە لە یاساکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە دەبێت کار لە پێناو پشتیوانیکردن لە دروستکردنی جوولەکەنشین بکرێت.
ھەر بەپێی یاساکە، مافی چارەی خۆنووسین لە ئیسرائیل تەنھا بە گەلی جوولەکە دراوە و غەیرە جوولەکە پشتگوێ خراوە.
ھەروەھا ئەم یاسایە، زمانی عەرەبی وەک زمانی فەرمی ھەڵدەوەشێنێتەوە تەنھا زمانی جوولەکە وەک زمانی فەرمی دەناسێنێت.
لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، پەسەندکردنی یاساکە بە ساتێکی یەکلاییکەرەوە لە مێژوویی زایۆنیزم وەسفکردووە.
بێنیامین ناتانیاھو گوتوویەتی "لە ساڵی ١٨٩٧دا دامەزرێنەری بزووتنەوەی زایۆنیزم، تیۆدۆر ھێرتزڵ تێڕوانینی خۆی بۆ دەوڵەتی جوولەکە بڵاوکردووەتەوە، لەو کاتەوە تا ئێستا سەدو بیست و دوو ساڵ بەسەر ئەو تێڕوانیینە تێپەڕ دەبێت و لە ئێستادا ئەو یاسایە پەسەند کرا کە ئیسرائیل وەک دەوڵەتی نەوتەوەیی بۆ گەلی جوولەکە دەناسێنێت".
لە میانی دانیشتنەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی پەرلەمانی ئیسرائیل، پەرلەمانتارە عەرەبەکان، ناڕەزایی خۆیان لەھەمبەر یاساکە نیشاندا و ناوەڕۆکی یاساکەیان دەڕاند و دواتر ھۆڵی دانیشتنەکەیان بەجێشھێت، دوای ئەوەی یاساکەیان بە جیاکاری رەگەزپەرستی وەسفکردبوو.
رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرەنۆت بڵاویکردووەتەوە کە لە میانی دانیشتنی تاوتوێکردنی یاساکەدا، ھۆشداری لە بڕگەیەکی یاساکە درابوو و دواتر سڕایەوە کە باسی لە مافی پێدانی دەسەڵاتی دەوڵەتی دەکرد لە پێکھێنانی کۆمەڵەکان لەوانە رۆڵەکانی یەک ئایین و یەک نەتەوە و دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بە شێوەی جیاجیا.
لای خۆیەوە راوێژکاری یاسایی کنێست، پارێزەر ئیاڵ یانون گوتی: "دوای ھەڵسەنگاندنی ئەم بڕگەیە بەو پێیەی بڕگەیەکی رەگەزپەرستی بوو، بڕیاریدرا بسڕێتەوە و لە بری ئەوە بڕیاردرا پشت بە بڕگەیەکی تایبەت بە دروستکردنی جوولەکەنشین ببەسترێت و کار بۆ ھاندان، پشتیوانیکردن و جێگیرکردنی بکرێت".
ھاوکات ئەندامی پارتی لیکۆد لە پەرلەمانی ئیسرائیل، ئاڤی دیختەر خۆشحاڵی خۆی بە پەسەندکردنی یاساکە نیشان دا و گوتی: "ئەمڕۆ ئێمە یاسایەکمان پەسەندکرد بۆ ئەوەی نەوەک ھەر ھەوڵ نەدرێت ئیسرائیل وەک دەوڵەتێک بۆ ھەموو ھاووڵاتییانی نەناسرێندرێت بەڵکو ھەر بیریشی لێ نەکرێتەوە".
ھەروەھا ئاڤی دیختەر ھێرشیکردە سەر پەرلەمانتارە عەرەبەکان لە کنێست و گوتی: "گوێبستی قسە و گوتەکانی ئەندامانی لیستی عەرەبی ھاوبەش بووین کە گوتیان "عەرەبەکان سەردەکەون" لە کاتێکدا ئەوان لە نیشتمانی خۆیانن و ئەوان پێشتر جوولەکە بوون و ھەرواش دەمێننەوە".
ناوبراو گوتیشی: "ئەم یاسایە کە عەرەبەکان بە ئێمەی دەڵێن "پێشتر نەبوونە و لە دوای ئێمەش نامێننەوە"، من پێیان دەڵێم ھەر ھەموو ئەو کارانەی کە دەتوانن بیکەن ئەوەیە بە کەمینەیەکی نەتەوەیی و بە مافی تاک نەوەک بە کۆمەڵ بژین".
سەرۆکی لیستی عەرەبی ھاوبەش، ئەیمەن عودە لەبارەی یاسای نەتەوەییەوە گوتی: "وەک پێشتر لە کۆمەڵکوژییەکەی کەفر قاسم گوترابوو، ئەوا لە ئەنجامی فەرمانی نایاسایی بوو کە ئاڵای رەش لەسەری ھەڵکراو، ھەروەھا ئاڵای رەشیش لەسەر ئەم یاسایە ھەڵدەکرێت".
ئەیمەن عودە لە میانی گوتەیەک کە لە پەرلەمانی ئیسرائیل پێشکەشی کرد، ئاڵای رەشی لەسەر یاساکە ھەڵکردبوو.
ھاوکات ئەندامی پارتی ئۆپۆزسیۆن "ئایندە ھەیە"، یەعازر شتیرین بۆ رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرەنۆت گوتوویەتی: "ئەم یاسایە زیان بە ھاووڵاتی غەیرە جوولەکە دەگەیەنێت کە لە سوپای ئیسرائیل خزمەت دەکەن".
یەعازر شتیرین ئەوەشی گوتووە: "یاساکە دەست دەکاتە چاوی غەیرە جوولەکەکان کە لە سوپا و ھێزە ئەمنییەکاندا، خزمەت دەکەن، ھەروەھا نەتەوەیی دەبێت لەسەر بنەمای خۆشەویستی بێت لە کاتێکدا ئەم یاسا وا دەکات سەربازانی غەیرە جوولەکە لە سوپا، ببنە دوژمنی ئێمە".
لای خۆیەوە سەرکردەی بزووتنەوەی "میرتس"ی ئۆپۆزسیۆن، تامار زاندبیرگ دوای پەسەندکردنی یاساکە گوتوویەتی: "ئەم شەو، شەوێکی شورەیی و پڕ بە ئازاربوو کە لە میانیدا یاسایەکی قێزەوەن پەسەند کرا کە سیاسەت و بیرۆکەی نێوان ناتانیاھو و وەزیری پەروەردە و سەرکردەی پارتی " ماڵی جوولەکە"، نافتالی بێنیت کۆکردووەتەوە.
تامار زاندبیرگ ئەوەشی گوتووە: "بەپێی یاساکە، زایۆنیزم، نەوەک بزووتنەوەیەکی نیشتمانی نییە کە نیشتمانێکی بۆ گەلێکی ستەمکار بنیات ناوە، بەڵکو نەتەوەیەکی زۆردارانەی دروست کردووە کە لەسەر بنەمای رەگەزپەرستی سووکایەتی بە کەمینەکانی دیکە دەکات".