Emre Aytekin
14 مای,س 2026•نوێکردنەوە: 14 مای,س 2026
لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ چین، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە پەکین لەگەڵ سەرۆکی وڵاتەکە، شی جین پینگ کۆبووەوە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی شینخوا، سەرۆکی چین شی لە سەرەتای دیدارەکەدا باسی لەوە کرد لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ دەیانەوێت باس لەو پرسانە بکەن کە پەیوەندیان بە هەردوو وڵات و جیهانەوە هەیە، پەیوەندییەکان بە ئاڕاستەیەکی دروستدا بەرەوپێشبەرن و لاپەڕەیەکی نوێ بۆ داهاتوو بکەنەوە.
شی ئاماژەی بەوە کرد ئەمڕۆ لە ئاستی جیهانییدا ئەو گۆڕانکاریانەی لە سەدەیەکدا نەبینراون پەرەیان سەندووە، دۆخی نێودەوڵەتیی خلیسکاو و پڕهەژانە و جیهان لە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی نوێدایە و، گوتی: "دەبێت چین و ئەمریکا بەیەکەوە وەڵامی کێشەکانی سەردەم بدەنەوە".
سەرۆکی چین شی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە چین و ئەمریکا بەرژەوەندی هاوبەشیان لە جیاوازییەکانیان زۆرترە و، سەرکەوتنی وڵاتێک بۆ ئەوی دیکەیان دەبێتە دەرفەت، پێویستە هەردوو وڵات هاوبەش بن نەک ڕکابەر و بە هاوکاری کردن لە سەرکەوتن و خۆشگوزەرانی یەکتردا ڕێگای دروست بدۆزنەوە بۆ گونجانی هێزە گەورەکان بەیەکەوە.
هەروەها شی ئاماژەی بەوە کرد پەیوەندیى باشی نێوان دوو هێزە گەورەکە لە بەرژەوەندی جیهاندایە و، ڕایگەیاند: "بە پێدانی ڕێڕەوێکی دروست بە کەشتییە گەورەکەی پەیوەندییەکانی چین-ئەمریکا، ئامادەین ساڵی ٢٠٢٦ بکەینە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی کە لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکاندا بکاتەوە".
سەرۆکی چین شی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە جەنگی بازرگانیی براوەی نییە و دانوستان تاکە چارەسەرە، پاراستنی ئاشتیی لە گەرووی تایوان بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو وڵاتە.
لە بەرامبەردا، سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە بە پەرۆشەوە چاوەڕێ دەکات لەگەڵ سەرۆکی چین شی تاوتوێی پرسە گەورەکان بکات، ئەوەیشی خستەڕوو کە هەندێک کەس دەڵێن ڕەنگە ئەمە گەورەترین لووتکە بێت تا ئێستا کرابێت.
ترەمپ باسی لەوە کرد بڕوای وایە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چین لە هەموو کات باشتر دەبێت و، ڕایگەیاند: "کاتێک ڕووبەڕووی ناڕەحەتییەکان بووینەوە، زانیمان چۆن بەسەریاندا زاڵ ببین. بەیەکەوە داهاتوویەکی نایابمان دەبێت".