Abdulhameed Husseın Karam
04 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2020
ھەولێر - AA
لە ڕاگەیەنراوێکدا سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کەرکووک و قائیم و بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، ئاماژەن بۆ ئاڵۆزبوونی زیاتری بارودۆخی عێراق و کردار و پەرچەکرداری چەندبارەی بەدوای خۆیدا ھێنا، ھەر لەو سۆنگەیەوە ئەو ھەنگاوانە ڕەتدەکەینەوە کە لەسەر خاکی عێراق تەسفیەی حیساباتی وڵاتان بکرێت و سەروەریی عێراق پێشێل بکرێ کە لە ئاکامدا سەردار قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەھدی موھەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و ھاوڕێکانیان بوونە قوربانی کە ھەردووکیان ڕۆڵی بەرچاویان لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە چەند ساڵی ڕابردوودا ھەبوو.
بە پێی مالپەری سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لەو ڕاگەیەنراوەدا ھاتووە: "نابێ عێراق بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی وڵاتان. داوا دەکەین کێشەکانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن و ڕێز لە عێراق و سەروەرییەکەی بگیرێت. بەردەوامیی ئەم ئاڵۆزی و کردار و پەرچەکردارانە، عێراق و ناوچەکە بەرەو ھەڵدێر و ئاییندەیەکی نادیار دەبات و دەبێتە ھۆی زیندووکردنەوە و بەھێزکردنی ھێزە توندڕەو و تیرۆریستەکانی وەک داعش".
ھەر لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتیی ھەرێم ئاماژە بەوە کراوە لەم دۆخە ئاڵۆز و ھەستیار و مەترسیدارەدا، داوا لە ھەموو لایەک دەکەین ئەوپەڕی دانبەخۆیاندا بگرن و ڕێگە لە پەرەسەندنە مەترسیدارەکان بگیرێت.