Sangar Hamad Azeez
24 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 25 تەمووز 2018
ئەسینا - AA
لە ئەنجامی گەیشتنی ئەو ئاگرەی کە لە دارستانەکانی نزیک ئەسینا پایتەختی یۆنان کەوتبوویەوە بە ناوچەکانی نیشتەجێبوون، ٧٤ کەس گیانیان لەدەستدا.
گوتەبێژی راگەیاندنی دەزگای ئاگرکوژێنەوەی یۆنان، ستاڤرولا مالیری ئاشکرایکرد ئەو ئاگرەی لە دارستانەکانی ناوچەی رافینای باکووری خۆرهەڵات ئەسینا کەوتبوویەوە گەیشتووە بە ناوچەکانی نیشتەجێبوون.
باس لەوە دەکرێت کە لەئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکەدا، ٧٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکیان بە هۆی گیرخواردن لەناو ماڵ و ئۆتۆمبێلەکانیاندا و ژمارەیەکی دیکەشیان کاتێک لە ئاگرەکە هەڵاتوون، خۆیان هەڵداوەتە دەریاوە و خنکاون.
هەروەها بە هۆی ئاگرەکەوە، ١٦٤ کەس کە ٢٣یان منداڵن برینداربوون.
بە هۆی دەستڕانەگەیشتن بەو کەسانەی کە وەک بێسەروشوێن تۆمارکراون، نیگەرانیی لە بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیان هەیە.
هەر بە هۆی ئاگرەکەوە سەدان خانوو و ئۆتۆمبێل بەتەواوەتی سووتاون و هەزاران کەس لە ناوچەکە دەربازکراون. ئەمە جگە لەوەی سەدان کەس کە بە هۆی ئاگرەکەوە هەڵاتوون، گەیشتوونەتە بەندەری رافینا و لە لایەن کارمەندانی ئاسایشی کەناراوەکان بە بەلەم و بە فێریبۆتی تایبەتی دوورخراونەتەوە.
ئەو ئاگرەی دوێنێ لە دارستانەکانی نزیک ئەسینا نزیکەی ٢٠ کیلۆمەتر لە شارەکەوە دوورن، کەوتەوە، بە هۆی رەشەبای بەهێزەوە، بەخێرایی تەشەنەی سەند و بەزوویی ناوچەیەکی بەرفراوانی گرتەوە. نزیکەی ٢٠٠ کارمەندی ئاگرکوژێنەوە، ژمارەیەکی زۆر خۆبەخش و ١٠٠ ئۆتۆمبیل و فڕۆکە و هێلیکۆپتەر لە زەوی و ئاسمانەوە لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدان.
لە راگەیەندراوێکی پێشتریشدا کە لە لایەن دەزگای ئاگرکوژێنەوەی یۆنانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە لە ناوچەی کینێتا کە دەکەوێتە خۆرئاوای ئەسینای پایتەخت بە دووریی ٥٠ کیلۆمەتر، ئاگر لە دارستانێک بەربووە و ١٥٠ کارمەندی ئاگرکوژێنەوە و ٧٤ ئۆتۆمبیل لە هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی. بە هۆی ئەو ئاگرەش کە لەو ناوچەیە کەوتووەتەوە، ئاسمانی ئەسینا دووکەڵ دایپۆشیوە و رێگای سەرەکی نێوان ئەسینا و نیمچە دوورگەی مۆرە بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر بەڕووی هاتوچۆدا داخراوە.
هاوکات سەرۆکی پەرلەمانی یۆنان، نیکۆس ڤاوتسیس ئاشکرایکرد بە هۆی ئەو کارەساتەی روویداوە، ئاڵاکانی وڵاتەکەیان لە پەرلەمان تا نیوە داگرتووە.
بە هۆی ئەوەی کە ئاگرەکە بۆ ناوچەیەکی بەرفراوان تەشەنەی کردووە، لەپاڵ کارمەندانی ئاگرکوژێنەوەدا یەکە سەربازییەکانیش خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و داوای هاوکاریی لە دامەزراوەی بەرگریی شارستانیی ئەورووپا کراوە.
هەروەها لە ژمارەیەک ناوچەی سەربە پارێزگای ئاتتیکی کە ئەسینای پایتەختیش دەگرێتەوە، باری نائاسایی راگەیەنراوە. لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن سەرۆکایەتی ناوچەی ئاتتیکییەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە پارێزگار رێنا دورو بە هۆی ئاگرەکەوە لە خۆرهەڵات و خۆرئاوای ئاتتیکی باری نائاسایی راگەیاندووە.
لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکوەزیرانی یۆنان، ئەلێکسیس چیپراس سەردانەکەی بۆ بۆسنە و هەرسک لە نیوەدا کۆتایی پێهێنا و گەڕایەوە ئەسینا.