كەرتی غەززە
ژمارەیەكی زۆر لە خێزانە فەلەستینیەكان لە كەرتی غەززە كە نەیانتوانیوە پەناگەیەك بۆ خۆیان بدۆزنەوە، لە ئێستادا هەوڵ دەدەن لەو بینا رووخاوەكاندا ژیان بەسەر بەرن، كە بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە زیانێكی زۆریان بەركەوتووە.
خێزانی ئەلموخەنی، یەكێكە لەو خێزانانەی كە لە نێو پاشماوەی خانووە رووخاوەكەیان ژیان دەگوزەرێنن. لەبەرئەوەی توانای ئەوەیان نییە خانووەكەیان چاك بكەنەوە یان خانوویەكی نوێ بەكرێ بگرن، لەژیر دارو بەردی پاشماوی بینا رووخاوەكەیان دەژین، كە ئەمەش مەترسی رووخانی لێ دەكرێت لە هەر ساتێكدا بێت.
لە لێدوانێكیدا بۆ ئانادۆڵو حوسنی ئەلموخەنی گوتی: "لەگەڵ 30 كەس لە منداڵ و نەوەكانمدا لە ژێر پاشماوەی ئەم خانووەدا دەژین كە ئەگەری رووخانی هەیە بەسەرماندا. لەژێر ئەو بەشەیدا دەمێنینەوە كە نەڕووخاوە، بەڵام لە دیواری ئەو بەشەشدا درز هەیە. نیگەرانین لەوەی بڕوخێت بەسەرماندا، بەڵام هیچ چارەیەكمان نییە. "
كەرتی غەززە، كە ماوەی چەندین ساڵە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئابڵۆقەی خراوەتە سەر، لە 7ی تەمووزی ئەمساڵ رووبەڕووی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆوە هەروەها لە 17ی هەمان مانگدا هێرشی زەمینیش كرایە سەر داعش. پاشان كە هێزی وشكانی كشایەوە سەرلەنوێ ئێسرائیل هێرشە ئاسمانییەكانی دەست پێكردەوە. دواتر بە نێوەندگیری میسر لە 28ی ئابدا ئیسرائیل و گروپە فەلەستینییەكان ئاگربەستیان راگەیاند و كۆتایی بە هێرشەكان هات.لەو هێرشانەی ئیسرائیلدا بۆ سەر كەرتی غەززە دوو هەزار و 157 كەس گیانیان لەدەستدا، زیاتر لە 11 هەزار كەسیش برینداربوون. هەروەها 17 هەزار و 200 خانوو، 73 مزگەوت و 24 قوتابخانە بە تەواوی رووخان، هەروەها هەزاران بینا زیانیان بەركەوت.
بەپێی ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان نزیكەی 500 هەزار كەس ناچاربوون لە بینای قوتابخانەكاندا بمێننەوە.