نیویۆرک
نوێنەری رێکخراوی ھاریکاری منداڵانی سەر بەڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان UNICEF تۆمۆ ھۆزومی، لە وڵاتی فلیپین رایگەیاند: لەبەر کاریگەریی گێژەڵوکەی ھایان، چوار ملیۆن منداڵ پێویستیان بە فریاگوزاریی خێرا ھەیە.
بان کی مۆن، سکرتێری گشتیی UN دڵتەنگی خۆی بەرامبەر زیان لێکەوتووانی گێژەڵوکەی ھایان لە فلیپین دەربڕیوەو گوتوویەتی: "دەتوانین بڵێین ئەوە جەرگسووتێنترین رووداوی سروشتییە کە بووە ھۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە نۆ ھەزارو ٥٠٠ کەس و سەرگەردانبوونی چەندینی دیکە، ئەوە بەدەر لە زیانە ماڵییەکان."
بان کی مۆن رایگەیاند: بە ناردنی تیمی فریاگوزاریی دەستدەکەن بە ئەرکەکانیان لە فلیپین و رزگارکردنی ئەو کەسانەی ھێشتا دەستی یارمەتییان پێ نەگەیشتووە. قۆناغی دووەم ناردنی خواردن و دەرمان و پێداویستییە بۆ لێقەوماوانی ئەو وڵاتە.
نوێنەری رێکخراوی یونیسێف لە وڵاتی فلیپین رایگەیاند: لەبەر کاریگەریی گێژەڵوکەی ھایان، چوار ملیۆن منداڵ پێویستیان بە فریاگوزاریی ھەیەو بەزووترین کات دەبێ فریایان بکەون.
بەپێی ھەواڵەکانی رێکخراوی یونیسێف خواردن و ئاو و کەرەستەی تەندروستی بۆ سێ ھەزار خێزانی زیان لێکەوتووی وڵاتەکە ئامادە دابینکراوە.