Zana Natık Kerem
06 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2018
کاراکاس ــ AA
وەزیری بەرگری ڤێنیزوێلا، ڤلادیمیر پادرینۆ لوپێز رایگەیاند، لەنزیک سنووری کۆلۆمبیا ھێرشکراوەتەوە سەر سوپای وڵاتەکەیان و لە ئاکامدا، ١٣ سەرباز کوژران و برینداربوون.
لە توێتکدا، ڤلادیمیر پادرینۆ لوپێز ئاماژەی بەوەداوە کە رۆژی شەممەی رابردوو ھێرشکراوەتە سەر ھێزەکانی سوپای ڤێنیزوێلا لە نزیک سنووری کۆلۆمبیا.
وەزیری بەرگری ڤێنیزوێلا بەرپرسیاریەتی ھێرشەکەی خستووەتە ئەستۆی میلیشیاکانی کۆلۆمبیا.
وەزیری بەرگری ڤێنیزوێلا، ڤلادیمیر پادرینۆ لوپێز ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە لە ئاکامی ھێرشەکەدا، سێ سەرباز کوژران و ١٠ی دیکەش برینداربوون و روونیشیکردەوە کە ھێرشەکە دوای ئەوە هات کە ھێزە ئەمنییەکانی ڤێنیزوێلا نۆ چەکداری سەربە گرووپێکی میلیشیایی کۆلۆمبیایان دەستگیرکرد.
ڤلادیمیر پادرینۆ لوپێز ئەوەشی وەبیرھێناوەتەوە کە وڵاتەکەی بووەتە قوربانی جەنگێک کە بەدرێژایی ٦٠ ساڵ لە کۆلۆمبیا بەردەوامە، چونکە حکوومەتی ئەو وڵاتە نەیتوانیوە ئاشتی بەدی بھێنێت و گوتی: "ئەم ھێرشە بێ وەڵام تێناپەڕێت".
لە لایەکی دیکەوە ژمارەیەک سەرچاوە لە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن رایانگەیاندووە ئەو چەکدارانەی ھێرشەکەیان ئەنجامداوە سەربە سوپای رزگاریخوازی نیشتمانی کۆلۆمبیان کە ئێستا تاکە گرووپی یاخیبووە چالاکی چەکداری لە کۆلۆمبیا ئەنجام دەدات.
ھاوکات رۆژنامەکانی ڤێنیزوێلا و کۆلۆمبیا ئاماژە بەوە دەکەن کە ھێرشەکە لە ئەنجامی ئەوە ئەنجامدراوە کە ھێزەکانی ڤێنیزوێلا، لویس فیلیپ ئۆرتیگا بێرناڵ بەڕەگەز کۆلۆمبیایی کە کە بە "گارگنتا" ناسراوە، دەستگیرکردووە.
لە بەرامبەردا وەزارەتی بەرگری کۆلۆمبیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە کە وڵاتەکەیان ئامادەیە ھاوکاری تەواو لەگەڵ ڤێنیزوێلادا بکات.
وەزارەتی بەرگری کۆلۆمبیا نەیشاردووەتەوە کە ماوەی چەندین ساڵە وڵاتەکەیان لە لایەن چەکدارانی بزووتنەوەی سوپای رزگاریخوازی نیشتمانی کراوەتە ئامانج و جەختی کردووەتەوە کە ھێزەکانیان بەردەوام دەبن لە بەڕەنگاربوونەوەی ئەو گرووپە چەکدارییە.