Hemn Hüseyin
02 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 04 شوبات 2016
شاندێکی یەکێتی ئەورووپا بە سەرۆکایەتی پاتریک گەیسن لێپرسراوی نووسینگەی یەکێتی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان و کونسوڵ و نوێنەری چەند وڵاتێکی دیکە سەردانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانییان کرد و لەلایەن سکرتێری مەکتەبی سیاسیی فازل میرانی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی محموود و رەمزی شەعبان پێشوازییان لێکرا.
دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان فازڵ میرانی گوتی: "رەنگە ئێمە دوایین حزب بین کە ئەو وەفدەی یەکێتی ئەورووپا بە سەرۆکایەتی پاتریک گەیسن سەردانیکردین و ئەمە دوولایەنی جیاوازی هەیە، یەکەمیان ئەوەیە کە بەخۆمان دابچینەوە کە بۆچی ئێمە ئەوەندە دووربین و خەڵک لەو رێگا دوورە بێت لە یەکتر نزیکمان بکاتەوە و لە لایەکی دیکەش وا باشترە کە بزانین دۆستانمان هەیە و لە خەمەکانی کوردستاندان".
سەبارەت بە گشتپرسی و ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان، فازڵ میرانی گوتی: "ئەوەی لای ئێمە باسیان کرد نەیانگوت ئێمە دژی گشتپرسین و هەروەها نەیانگوت پشتگیری دەکەین و ئێمە باسی ئەوەمان کرد کە دەبێت دەوڵەتی خۆمان هەبێت لە کاتێکدا خاوەن خاک و ئابووری و کولتوری خۆمانین، بەڵام ئەوان هیچ وەڵامێکیان نەبووتەنیا سەریان داخست وەکو ئاماژەیەک بۆ هاوڕابوونی قسەکانی ئێمە و بەڵام ئەوانەی بە ئێوەیان گوتووە کە ئەم شاندە دژی ریفراندۆمن ئەوا راستی نەفەرمووە".
هەر لە درێژەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا فازل میرانی گوتی: "بەداخەوە ئێمە لە وڵاتێکی لەتکراوین و ئەوانەی کە حکومڕانیمان دەکەن لە عەقڵییەتێکی داخراوی سەدان ساڵ پێش ئێستایە و لە هەمان کاتدا هەندێک کەس دەڵێن ئەگەر بچینە بەغدا و کاریگەریمان دەبێ و ئەو قسانە، بێگومان زیاتر پەیوەندیمان لەگەڵ عێراقە و پەیوەندیمان بە پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە نیە هەرچەندە ئەوان دەست لە کاروباری ئێمە وەردەدەن بەڵام ئێمە بە هیچ شێوەیەک حەز ناکەین."
سەبارەت بە کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا، فازل میرانی پێی وایە کورد کێشەی لەگەڵ کەسایەتییەکان نیە بەڵکو لەگەڵ عەقڵییەت و بیرکردنەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق هەیە و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "کێشەی ئێمە کەسایەتی نیە، نە جەعفەری و نە مالکی و نەعەلاوی، بەڵکو کێشەی ئێمە عەقڵیەت و بیرکردنەوەیە و شێوەی حوکمڕانی و شێوەی تەماشاکردنی خەڵکی دیکە و ئەگەر ئەم عەقڵیەتە گۆڕا، بە بۆچوونی من کێشەی وا گەورە دروست نابێت و ئەگەر ئەم عەقڵیەتەش بەم شێوەیە نەبوایە ئەوا کوردیش ئێستا باسی ریفراندۆمی نەدەکرد چونکە ئێمە لە کاتی راپەرینیش لە عێراق جوودا نەبووینەوە و بەڵام لە هیچ کتێبێکی ئاسمانیش نیە کە ئاماژە بەوە بکات کورد نابێت رۆژێک لە رۆژان دەوڵەتی خۆی نەبێت".
لەبارەی پێدانی قەرز بە هەرێمی کوردستان لەلایەن یەکیتی ئەورووپا، فازڵ میرانی گوتی: "ئەوە کاری حکوومەتە و ئێمە وەکو حزب دەست لەکاروباری حکوومەت وەرنادەین و ئەو وەڵامە بۆ ئەوان بەجێدەهێڵین بەڵام گلەییمان لێکردن کە دەبێ هاوکاری ئێمە بکەن چونکە عێراق بوودجەی پێشمەرگەی بڕیووە لە کاتێکدا بوودجەی پێشمەرگە لە سەر میلاکی حکوومەتی عێراقە و لە هەمانکاتدا حکوومەتی عێراق حەشدی شەعبی دروست دەکا و بوودجەی تایبەتی بۆ تەرخان دەکات بەڵام بوودجەی پێشمەرگە دەبڕێت کە هەزار کیلۆمەتر شەڕی لەگەڵ داعش هەیە".
هەر لە درێژەی قسەکانیدا فازڵ میرانی گوتی: "ئێمە باسی خۆپێشاندانیشمان کرد و ئاماژەمان بەوەدا کە مامۆستا مافی خۆیەتی خۆپێشاندان بکات بەڵام لەگەڵ بایکۆتی دەوامکردن نین چونکە پێشمەرگەیەک ئامادەیە بەم زستانە گیانی خۆی بەخت بکات بۆ ئەوەی من و مامۆستایەک بە ئارامی لەماڵی خۆمان بخەوین و دەبێ لە بەرامبەریشدا مامۆستا رەچاوی ئەوە بکات و نەهێڵیت دەرگای قوتابخانەکان دابخرێن".
سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان فازڵ میرانیئاماژە بەوە دەکات کە لەم ماوەیە هەوڵی ئەوە دەدەن بزووتنەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیش بێنەوە ناو کۆبوونەوەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "لە هەوڵی ئەوەداین کە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیش بێنەوە ناو کۆبوونەوەکان و چونکە هەموومان بەرپرسین لەم وڵاتە و بەڵکو ئەوان پرۆژەی باشیان پێیە و ئێمەش قبوڵی دەکەین".