واشنتۆن
بڕیارە جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا بولەنت ئارنچ لەبارەی سەردانەکەی بۆ وڵاتی ئەمریکا لەبەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی TRT ئامادە بێ و وەڵامی چەند پرسیارێک بداتەوە.
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا بولەنت ئارنچ ئاشکرایکرد پێشتریش سەرۆکوەزیران رەجەب تەیب ئەردۆغان چەند دیدار و وتوێژێکی لەگەڵ سەرکردە و سیاسەتوانانی ئەمریکا ئەنجامداوە و دەکرێ ئەو سەردانەی ئەویش درێژەپێدەری ئەو دیدارانەی ئەردۆغان ئەژماربکرێ.
ئارنچ گوتی: "لەم سەردانەماندا داوای چاوپێکەوتنمان لەگەڵ بەڕێز جۆ بایدن کرد، ئەوانیش دەستبەجێ داواکەی ئێمەیان قەبووڵکرد. ئەوەبووو ئەمڕۆ بۆ ماوەی سەعات و نیو دیدار و وتوێژمانکرد. پێویستە بڵێم دیدار و وتوێژەکەمان تابڵێی ئەرێنی و سوودبەخش بوون."
ئارنچ ئاماژەی بەوەش دا کە ٤٥ دەقیقە بۆ کۆبوونەوە تەرخانکرابوو، بەڵام دواتر نیو سەعات درێژکرایەوە و گوتی: "بابەتی زۆر گرنگ لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا خرانە بەر باس، ھەروەھا لەبارەی دوا پێشھاتە سیاسییەکانی ناوچەکە بەگشتی بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد و ئەمەش بووە ھۆی درێژکرانەوەی ماوی کۆبوونەوە. دواتر ھەردوولا تێڕوانینمان لەبارەی مەسەلەکانەوە خستەڕوو کە جیاوازییەکی ئەوتۆمان نەبوو و دەتوانین بڵێین لە زۆربەی پرسەکان ھاوڕا بووین. بەڕێز بایدن دەیویست رای تورکیا لەبارەی رووداوە سیاسییەکان بزانێ. ئێمەیش راوبۆچوونی سیاسیی حکومەتی تورکیامان خستەڕوو. بەڕێز بایدن سیاسەتوانێکی زۆر باشە و دۆستی تورکیایە. ھەروەھا شارەزاییەکی تەواوی لەبارەی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە ھەیە و زانیارییەکی باشی لەسەر گۆڕانکاریی سیاسەتی عێراق و وڵاتانی دەوروبەری ھەیە."
ئارنچ لەبارەی پەیوەندیی ئەمریکا و تورکیا گوتی: "بەھیچ شێوەیەک تورکیا و ئەمریکا لە مەسەلەکانی سوریا و عێراق یان ھەر پرسێکی دیکە ناکۆک نین، بگرە لە زۆربەیاندا ھاوڕاین، ئەوە نەبێ ھەندێ جار بەھۆی دەربڕین و جووڵانەوەی سیاسیی رای ھاوبەشمان نابێ کە ئەوە مانای ناکۆکی نییە. بەشێوەیەکی گشتی کۆبوونەوەکە باش بەڕێوەچوو و ئاسوودەبووین پێی. چونکە بەڕێز بایدن ھەموو شتێکی شەفافانە خستەڕوو و پرسیاری لەبارەیانەوە کرد، منیش وەڵامی بەڕێزیانم دایەوە."