بەپێی ھەواڵێکی ئاژانسی ئیتەرتاسی روسی، وەزیری دەرەوەی روسیا سێرگی لاڤرۆڤ لە بەرامبەر بڕیاری کاربەدەستانی ئۆکرانیا بۆ بەکارھێنانی ھێز لە دژی ئەو لایەنگرانەی روسیا کە چەند باڵەخانەیەکی دەوڵەتییان لە رۆژھەڵاتی ئۆکرانیا داگیرکردووە، کاربەدەستانی ئۆکرانیای ئاگادار کردۆتەوە و دەڵێ بڕیاری بەکار ھێنانی چەک بۆ چۆڵکردنی باڵەخانە دەوڵەتییەکان، بڕیارێکی زۆر مەترسیدارە و دەبێ کیێڤ بەرپرسیارێتی ئەو بڕیارە بگرێتە ئەستۆ.
ئاژانسەکە لە زاری لاڤرۆڤ نووسیویەتی: ھەر جۆرە بەرپرسیارێتییەکی ئەو بڕیارە، لە ئەستۆی ئەو کەسانەیە بڕیارەکەیان دەرکردووە، چونکە دەرئەنجامی زۆر مەترسیداری لێدەکەوێتەوە و ھۆکارێکە بۆ هاندانی خەڵک بۆ داگیرکردنی باڵەخانەی زیاتر."
لاڤرۆڤ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رەتیکردۆتەوە، ھیچ سیخورێکی روسیا لە خاکی ئۆکرانیادا نییە و روسیا دەست لە کاروباری ناوخۆی ئۆکرانیا وەرنادا و پشتگیری لە یەکێتیی خاکی ئۆکرانیا دەکا. چونکە روسیا وا بیردەکاتەوە ئۆکرانیایەکی دۆست، زیاتر خزمەتی بەرەژوەندییەکانی روسیا دەکا.