Sarmand Hameed
10 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف پشتیوانی خۆی بۆ رێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕالی لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و پێکهێنانی ئیدارەیەکی هاوبەش بۆ شارەکە راگەیاند.
ئایدن مەعروف لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، "دەستخۆشی و پشتیوانی خۆمان بۆ رێککەوتنی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕالی بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال دووپات دەکەینەوە، ئەم ھەنگاوە ئیجابییە لەم قۆناغەدا گرنگی خۆی ھەیە".
ئایدن مەعروف هیوای خواستووە رێککەوتنەکە ببێتە هۆی گەڕانەوەی سەقامگیری و ئارامی بۆ ناوچەکە و ئاوارەکان بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان و رایگەیاند، "هیوادارم ئەم رێککەوتنە ببێتە هۆی گەڕانەوەی خوشک و برایانی پێکھاتەی ئێزدی بۆ زێدی باب و باپیرانیان و کەمکردنەوەی ئازار و نەھامەتییەکانیان کە لە رابردوودا دووچاری نەھامەتی و ئاوارەیی و پەلامار و زوڵمێکی زۆر بوونەوە لەلایەن رێکخراوی تیرۆرستیەکان".
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان،ئایدن مەعروف هیوای خواستووە ئەم هەنگاوە ببێتە دەسپێکێک بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دەڵێت، "ھیوادارین ئەم ھەنگاوە ببێتە دەسپێکێک بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە و گرفتەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و ببێتە رێخۆشکەر بۆ گەڕانەوەی پێکھاتەکانی دیکەی ناوچەکە بۆ زێدی باب و باپیرانیان".
ئایدن مەعرف هیوای ئەوەیشی خواستووە کە ئەم ھەنگاوە ببێتە ھەوێنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و قوڵبوونەوەی روحی پێکەوەژیان و یەکتر قەبوڵکردنی نێوان پێکھاتەکان.