Dildar Baykan
06 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 07 کانوونی دووەم 2021
واشنتۆن- AA
ژماره‌یه‌ك له پشتیوانانی تره‌مپ كه له واشنتۆن پایته‌ختی ئه‌مریكا خۆپیشاندان ئه‌نجامده‌ده‌ن، به‌ربه‌سته‌كانی پۆلیسیان تێپه‌ڕاند و چوونه نێو كۆنگرێسه‌وه.
له‌كاتێكدا كه دانیشتنی هاوبه‌شی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجوومه‌نی پیران به‌مه‌به‌ستی به فه‌رمیی په‌سه‌ندكردنی ده‌نگی نوێنه‌رانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و وڵاته له سێی تشرینی دووه‌می رابردوودا و تۆماركردنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه، به‌رده‌وامه، لایه‌نگرانی تره‌مپ له ده‌ره‌وه‌ی كۆنگرێس خۆپیشداندان ده‌كه‌ن.
دوای ئه‌وه‌ش كه ژماره‌یه‌ك له خۆپیشانده‌ران به‌ربه‌سته‌كانی پۆلیسیان تێپه‌ڕاند و چوونه نێو كۆنگرێسه‌وه، پۆلیس به گازی فرمێسك‌ڕێژ به‌ره‌وڕوویان بوویه‌وه و دیمه‌نه‌كانی گرژییه‌كان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكرانه‌وه.
- مایك پێنس به‌هۆكاری ئه‌منیی له باڵه‌خانه‌كه برایه ده‌ره‌وه
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌نجوومه‌نی پیران كه سه‌رقاڵی هه‌ڵسه‌نگاندنی تانه‌كانی په‌یوه‌ست به ویلایه‌تی ئه‌ریزۆنا بوو، به‌هۆی رووداوه‌كانه‌وه دانیشتنه‌كه‌ی راگرت.
ئه‌وه‌ش زانراوه جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا، مایك پێنس كه به ناونیشانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پیران سه‌رۆكایه‌تی دانیشتنه هاوبه‌شه‌كه‌ی ده‌كرد، به‌هۆكاری ئه‌منیی له باڵه‌خانه‌ی كۆنگرێس برایه ده‌ره‌وه.