Aras Hussein
21 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2020
نەینەوا - AA
کاتژمێر ٨:٣٠ خولەکی شەوی رابردوو ئۆتۆمبێلێک لە نزیک مەزاری شەرەفەددین لە قەزای شنگال سەربە پارێزگای نەینەوا تەقییەوە و تەقینەوەکە ھیچ زیانێگی گیانی و ماددی لێ نەکەوتەوە. بەگوتەی قایمقامی شنگال، مەحما خەلیل، تەقینەوەکە کردەوەیەکی تیرۆریستییە و لەلایەن گرووپە تیروریستییەکان ئەنجامدراوە و ئامانج لێی ترساندنی خەڵکی شنگالە تاوەکو نەگەرێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
مەحما خەلیل بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "کاتژمێر ٨:٣٠ خولەکی شەوی رابردوو، ئۆتۆمبێلێک لە جۆری ئۆپڵ ئومێگا لە نزیک مەزاری شەرەفەددین لە قەزای شنگال تەقییەوە، بەڵام خۆشبەختانە ھیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتەووە، و لێکوڵینەوەکانی ھێزە ئەمنییەکان بەردەوامن بو دۆزینەوەی سەرچاوە و هۆکاری تەقینەوەی ئەو ئۆتۆمبێلە" .
قایمقامی شنگال گوتیشی: "ئەمە کردەوەیەکی ئیستیفزازی تیرۆریستییە و گرووپە تیرۆریستییەکان دەیانەوێت ئاسایشی ناوچەکە تێکبدەن بەتایبەتیش لەم کاتەدا کە ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەکانی شنگال دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەو گرووپە تیرۆریستییانە نایانەوێت خەڵکی سنوورەکە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان بۆیە کردەوەی لەم جۆرە ئەنجام دەدەن".
مەحما خەلیل راشیگەیاند، "کاتێک کە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان تەواوبن ئێمە شەرم لە ھیچ کەس و لایەنێک ناکەین و ناو و زانیاری ئەو گرووپانە بۆ خەڵکی شنگال ئاشکرا دەکەین کە ئەم کردە تیرۆریستییەیان ئەنجامداوە".
ئەم تەقینەوەیە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران لە پارێزگای دھۆک، زیاتر لە پێنچ ھەزار خێزانی ئاوارەی شنگال لە کەمپەکانی پارێزگای دھۆک گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە قەزای شنگال.