ھەولێر
پەرلەمانتاری کوردی سەربەخۆ(ئایسەڵ تۆغڵوک) نوێنەری شاری وان، رۆژی دووشەممە لەگەڵ رۆژنامەنووسانی ھەرێمی کوردستان دیداریکردو داخوازییەکی ئەوانی وەرگرت کە داوایانکردبوو حکومەتی تورکیا ئیزنیان بدات تا بچنە دیدەنی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) لەزیندانی ئیمراڵی.
نزیکەی ١٠٠ رۆژنامەنووس و چالاکوانی کورد لەھەرێمی کوردستان، داخوازییەکەی خۆیان لەڕێی کونسوڵخانەی گشتی تورکیا لەھەولێرو ئەندامانی پەرلەمانی تورکیا رەوانەی ئەنقەرە کرد.
ئایسەڵ لەوبارەیەوە گوتی " لەدوایین سەردانی نوێنەرانی پارتی ئاشتی و دیموکراتیBDP بۆ ئیمراڵی، ئۆجەلان خواستی خۆی دەربڕیبوو بۆ سەردانی رۆژنامەنووسان لەئیمراڵی. ئەوە مافێکی رەوای ئۆجەلانە کە دەبێ بەجێ بھێنرێ. بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا پێشکەوتنی زیاتر بەخۆوە ببینێ پێویستە حکومەتی تورکیا ئۆجەلان ئازاد بکات تا زیاتر بتوانێ رۆڵی خۆی بگێڕێ".
لەبارەی داخوازیی رۆژنامەنووسانی ھەرێمی کوردستان بۆ دیدەنی ئۆجەلان لەئیمراڵی، ئایسەڵ تۆغڵوک بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی " داواکارییەکی زۆر گرنگەو ھەوڵی زۆر دەدەین بۆ ئەوەی داخوازییەکەیان بەجێ بھێنرێ و ئەوان بچنە ئیمراڵی"
ئایسەڵ لەبارەی رۆڵی کورد لەتورکیا گوتی " کورد تورک لەساڵانی بیستەکان پێکەوە کۆشش و خەباتیان کرد لەپێناو دروستکردنی کۆماری تورکیا، ئێستایش پێکەوە خەبات دەکەن بۆ بەرەو پێشبردنی دیموکراسی لەم وڵاتە"