ئیستەنبوڵ
خالید ساڵح، بەرپرسی راگەیاندنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی دا لە ئیستەنبوڵ رایگەیاند: "ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە بارەی بارودۆخی سوریاوە پابەندی ئەو راگەیەنراوەن کە مانگی رابردوو لە لەندەن بڵاوکراوەتەوە و تێیدا داوا کرابوو " داھاتووی سوریابەبێ ئەسەد بێ."
ساڵح گوتی: "ئێمە ئێستا سەرقاڵی دۆزینەوەی رێگای جیاجیاین بۆ ئەوەی رژێمی ئەسەدیش بەم راگەیەنراوە رازی بێ چونکە لەدوای ئەو ھەموو کوشتوبڕە، ئەستەمە ئەسەد بتوانێ گۆڕانکاریی بکات و ھەوڵ بۆ خۆشکردنی زەمینەی سوریای بێ ئەسەد بدا. ئەو کەمپینە کە ئێمە لە ژێر ناوی سوریای بێ ئەسەد بەڕێوەی دەبەین، لە ماوەی سێ رۆژدا ٢٧ ھەزار کەس بەشدارییان تێدا کردووە."
خالد ساڵح رایگەیاند: "راگەیەنراوی لەندەن و جنێڤ١، شتێک نییە کە ئۆپۆزسیۆن فەرزی کردبێ، چوارچێوەیەکی گشتییە بۆ ئامادەکاری بەستنی کۆنگرەی جنێڤ٢ ئاماژەی پێکراوە." ئێمە وەکو ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ ئەوەی بڕیاری خۆمان بدەین کە ئایا بەشداریی کۆنگرەی جنێڤ٢ بکەین یانا دەستمان بە چەندین کۆبوونەوەی بەرفراوان کردووە و ئەنجامی کۆبوونەوەکانیش تا ئێستا باش بووە."