هەولێر
سكرتێری پارتی یەكیتی كورد لە سوریا ئیبراهیم برۆ جەخت لەوێ دەكاتەوە كە چوونی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سوریا بۆ ناو ریزی بەرێوەبردنی خۆجێتی لە رۆژئاوا بەستراوە بە جێبەجێ كردنی رێكەوتنی هەولێر.
برۆ گوتی: "كۆبوونەوەكانی ئێمە بەردەوامن، ناوبەناوە پشوو وەردەگرین بۆئەوەی هەر ئەنجوومەنێك لە ناو خۆیاندا گفتوگۆ لەسەر هەڵویست و بڕیارەكانی خۆ بكا. رەنگە ئەمرۆ كوتای بەو كۆبوونەوانە نەهێن و رۆژێكی دیكە بەردەوام بێ, بەڵام ئێمە ئومیدەوارین كە بتوانین ئەمرۆ بگەینە ئەنجامێك. ئێمە لە سەر هەنێ خاڵی سەرەكی رێككەوتین, وەكو كردنەوی دەروازەی سنوری سێمالكا و ئازادكردنی گیراوە سیاسیەكان و دامەزراندنی كۆمیتەیەكی تایبەت بە بەدواداچوونی هەر رووداوێك كە لە رۆژئاوا روودەدات."
برۆ لە بەردەوامی قسەكانیدا گوتی: "ئێمە لەسەر كۆنفڕانسی جنێف 2 رێككەوتین كە پێویستە ئێمە بە یەك دید و روانگەی هاوبەش بەشداری كۆنفرانس بكەین و بتوانین دۆزی كورد و چارەسەركردنی ئەو كێشەیە بخەینە ناو ئاجێدای كۆنفڕانسی جنێڤ 2."
لەبارەی ناكۆكی نێوان هەردوولا لەسەر هێزی یەپەگە، برۆ گوتی: "ئێمە داوای پێكهێنانی هێزێكی دیكەمان نەكردووە, ئێمە داوا دەكەین یەك هێزمان هەبێ و نوێنەرایەتی هەموو كورد لە رۆژئاوای كوردستان بكا نەك تەنیا نوێنەرتی لایەنێك بێ. ناكۆكی سەرەكی ئێمە لەسەر ئەولەویەتی رێككەوتنی هەولێرە, ئێمە دەبینن كە پێویستە ئەو رێكەوتنە جێبەجێ بكرێ و دواتر هیچ بەربەست و كوسپێك بۆ بەڕێوەبردنی خۆجێتی نامینێ."