Zana Natık Kerem
16 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2017
بەیروت ــ AA
بزووتنەوەی حەماس، ئیسرائیلی بە تیرۆركردنی ئەندامی باڵی سەربازی بزووتنەوەكەی، محەمەد زواری تۆمەتبار كرد كە لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی ٢٠١٦ كە لە شاری سەقفاس لە باشووری تونس تیرۆر كرابوو.
ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، محەمەد نەزال لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لە بەیروت سازی كرد، گوتی: "بە پێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان كە لە ماوەكانی رابردوودا، ئەنجام دراون تێوەگلانی ئیسرائیل لە رووداوی تیرۆركردنەكە ساغ بووەتەوە".
محەمەد نزال گوتیشی: "دەزگای هەواڵگری دەرەوەی ئیسرائیل (موساد) بە هاوكاری لەگەڵ لایەنەكانی دیكە كە یارمەتی لۆجستی پێشكەشی كردووە، محەمەد زواری تیرۆر كردووە".
ناوبراو ئەوەشی گوت "موساد بە تیرۆركردنی محەمەد زواری تۆمەتبار دەكەین كە تەنها بە كردەیەكی تیرۆریستی دادەنرێت بەڵكو پێشێلكاری سەرەوەری وڵاتانە".
ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس باسی لەوەش كرد، ١٢ كەس كە بەسەر سێ گرووپدا دابەش بوون پڕۆسەی تیرۆركردنی محەمەد زواری-یان بەسەرپەرشتی ئەفسەرێكی موساد بە ناوی یوهان ئەنجام دا".
ناوبراو روونی كردەوە كە گرووپی یەكەم تایبەت بوو بە ئامادەكردنی لۆجستی، دووەم تایبەت بوو بە كۆكردنەوەی زانیاری و سێیەم تایبەت بوو ئەنجامدانی پڕۆسەكە.
محەمەد نزال گوتی: "دوو لە ئەنجامدەرانی تیرۆركردنی محەمەد زاوری هەڵگری رەگەزنامەی بۆسنە و هەرسک بوون كە بە رێگەی دەمانچەی بێدەنگ تیرۆریان كردبوو".
ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس روونی كردەوە كە هەر دوای پڕۆسەی تیرۆركردنەكە، حەماس لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی بە ئامانجی ئاشكراكردنی ئەو لایەنەی كە پڕۆسەكەی ئەنجامداوە پێكهێنا كە دوای لێكۆڵینەوەكان دەركەوت، تۆمەتباری یەكەم موسادی ئیسرائیلییە".
لە ١٥ی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠١٦، وەزارەتی ناوخۆی تونس كوژرانی محەمەد زاوری لە شاری سەفقاس باشووری تونس راگەیاندبوو.