تاران
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران حوسێن ئەمیر عەبدولڵاھییان گوتی: "ئێران بە ھیچ شێوەیەک مۆڵەت نادا حكومەتی بەشار ئەسەد ھەڵبوەشێنرێتەوە."
عەبدولڵاھییان لە میانی بەشداریکردنی لە پانێڵێک لەبارەی "ھاوپەیمانی جیھانیی دژی داعش و پرسی عێراق" کە لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیکی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە بەسترابوو، گوتی: "ئێران بە ھیچ شێوەیەک مۆڵەت بە ھەڵوەشاندنەوەی حكومەتی بەشار ئەسەد نادا."
عەبدولڵاھییان بەو جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا: "ئەمریکا بەرلەوەی دەست بە ھێرشکردنە سەر داعش بکا، ئێرانی ئاگادارکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەمریکا و ھاوپەیمانان ھێرشی سەر بەشار ئەسەد ناکەن و ئەم زانیارییانەش پێشکەشی رژیمی شام کران، بەڵام سەرەڕای ئەمە ئێمە متمانەمان بەوان نییە، بۆیە لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخەکەین."
گوتیشی: "ناوچەی دژەفڕین لە سوریا لە دژی سەروەری ئەو وڵاتە دروست بکرێ یان ھەر جۆرە ھێزێکی سەربازیی بچێتە ناو خاکی سوریاوە، دەرئەنجامی زۆر خراپ و مەترسیداری دەبێ، بۆیە لەو چوارچێوەیەدا تورکیاش ئاگادار دەکەینەوە."
عەبدولڵاھییان لەبارەی رەوشی کۆبانێشەوە گوتی: "لە چوارچێوەی ھاوکارییەکانی ئێران بۆ سوریا، ھەوڵ بۆ گەیاندنی ھاوکاری جیاجیا بۆ کوردانی کۆبانێ دەدەین."
عەبدولڵاھییان کە لەبارەی ناوەڕۆکی ھاوکارییەکانەوە ھیچ جۆرە زانیارییەکی پێشکەش نەکرد، جەختی لەوەکردەوە کە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی کۆبانێ، دیدارەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەردەوامن و لەگەڵ تورکیاش ئەو دیدارانە درێژەیان ھەیە و گوتی: "بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارە سورییەکان بۆ زێدی خۆیان، تورکیا دەتوانێ رۆلێکی گرنگ بگێڕێ."